محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی و راگوزەری سوریا بە تەلەفۆن قسەیان کرد
"باسی پاراستنی سنوورەکانیان کردووە"
سودانی و شەرع بەتەلەفۆن قسەیان کرد
964+
شۆڕش قادری
سودانی و شەرع بەتەلەفۆن قسەیان کرد و جەختیان لە پاراستنی سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا کردەوە.
دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی و راگوزەری سوریا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی سودانی کە کۆپییەکی دەست 964 کەوتووە، “ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 20.1.2026، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریاوە پێگەیشتووە”.
“لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لە بارودۆخی سوریا و رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی ئەو وڵاتە کراوە و سودانی پابەندبوونی عێراقی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سوریا دووپاتکردووەتەوە، جەختیشی لەسەر گرنگی گفتوگۆ لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و زامنکردنی مافەکانی هەموو چین و توێژەکانی گەلی سوریا کردووەتەوە”.
هاوکات ئەحمەد شەرع پابەندبوونی وڵاتەکەی بە ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات دووپاتکردووەتەوە و ستایشی هەوڵ و ڕێوشوێنەکانی حکومەتی عێراقیشی لەوپێناوەدا کردووە.
هەربەپێی راگەیەنراوەکە، شەرع جەختی لە پتەوکردنی هەماهەنگیی دووقۆڵی نێوان عێراق و سوریا کردووە، بەتایبەتیش لە بواری ئەمنی بۆ پاراستنی سنوورەکان.