دیمەنی ناوەندی شاری هەولێر - وێنە: 964
بەهۆی بەفر و سەرماوە
لە هەولێر و سۆران پشوو راگەیەنرا
964+
شۆڕش قادری
لە سۆران دوو رۆژ پشوو راگەیەنرا و لە هەولێریش سبەی چوارشەممە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان دەوام ناکەن.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، بەهۆی ئەو سەرما و سۆڵە و دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ و بەستن و شەختەی رێگا و شەقامە سەرەکی و گشتییەکان،پارێزگاری هەولێر بڕیاریداوە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی قوتابییان، سبەی چوارشەممە 21.1.2026 تەنیا لە ناوەندەكانی خوێندنی حكومی و ناحكومی سەربە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر بکرێتە پشوو.
هەربەوهۆیەوە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە بکرێتە پشووی فەرمی لە تەواوی قەزاکانی چۆمان، مێرگەسۆر و قەزای سیدەکان.
بەگوێرەی بڕیارەکە، پشووەکە تەنیا ئەو ناوچانە ناگرێتەوە، بەڵکو گشت ئەو شوێنانەی سەر بە قەزای رواندز و قەزای خەلیفانیش دەگرێتەوە کە بەهۆی کەشوهەواوە هاتوچۆ تێیاندا ئەستەم دەبێت.
سەبارەت بە دەوامی قوتابخانەکانیش، ئیدارەی سۆران ئاماژەی بەوە داوە کە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ئەو ناوچانە ڕاسپێردراون، دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخی کەشوهەوا، بەرنامەیەکی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەی وانەکان دابنێن، بە جۆرێک کە ڕۆژانی شەممە وانە بە قوتابیانی هەردوو پۆلی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی بگوترێتەوە.