هێزەكانی سوریای دیموكرات ناسراو بە هەسەدە - وێنە: ئاژانسەکان
ئامادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی دیمەشقن
هەسەدە پابەندبوونی بە ئاگربەست راگەیاند
964+
وریا فەتاح
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، پابەندبوونی تەواوی خۆی بە رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حکومەتی سووریا راگەیاند و ئامادەیی نیشاندا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی 18ـی کانوونی دووەمى 2026.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی گشتیی هەسەدە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، ئەوان پابەندی ئەو لێکتێگەیشتنە دەبن کە لەگەڵ دیمەشق ئەنجامدراوە و دەڵێن: “پێشپێشکی بۆ هیچ کارێکی سەربازی ناکەین، مەگەر ئەوەی هێزەکانمان رووبەڕووی هێرش ببنەوە.”
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەسەدە کراوەیە بۆ هەموو جۆرە دیالۆگ و چارەسەرێکی سیاسی و گفتوگۆ، هەروەها ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەم، بەو ئامانجەی دۆخەکە هێورببێتەوە و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
ئەم هەڵوێستەی هەسەدە دوای ئەوە دێت کە کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی بەرگریی سووریاش راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ ماوەی چوار رۆژ راگەیاند.
هەواڵى راگەیاندنى ئاگربەست کە وەزارەتى بەرگرى سوریا بڵاوى کردەوە:
وەزارەتی بەرگریی سووریا بڕیاری راگرتنی تەواوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەی راگەیاند و دەشڵێت: ئەو بریارە دواى ئەوەهات کە گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، لە کاتژمێر 08:00ـی ئەمشەوەوە ئاگربەست لە تەواوی کەرتەکانی شەڕدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی بەیاننامەکە، ئاگربەستەکە بۆ ماوەی 4 رۆژ بەردەوام دەبێت، ئەوەش وەک پابەندییەک بەو لێکتێگەیشتنە نوێیەی لەنێوان دەوڵەتی سووریا و “قەسەدە” واژۆ کراوە، بە مەبەستی سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان.