"کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێباکە"

هەسەدە کشانەوەی لە ناو کەمپی هۆل راگەیاند

964+

وریا فەتاح

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڕیاری کشانەوەی لە ناو کەمپی “هۆل” راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ “بێباکیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی” بەرامبەر مەترسییەکانی داعش دەگێڕێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی لە چارەسەرکردنی دۆسیەی داعش هەڵناگرێت، هێزەکانیان ناچار بوون لە ناو کەمپی هۆل پاشەکشە بکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری شارەکانی باکووری سووریا (رۆژئاوای کوردستان) دووبارە جێگیر دەکرێنەوە، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر ئەو ناوچانە.

کەمپی هۆل کە دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە، هەزاران خێزان و چەکداری پێشووی داعشی تێدایە و بە یەکێک لە مەترسیدارترین کەمپەکانی جیهان دادەنرێت.

هەسەدە چەندین جار داوای لە وڵاتان کردبوو هاوڵاتییانی خۆیان لەو کەمپە ببەنەوە، بەڵام وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە “هەڵوێستی نێودەوڵەتی خەمبارانەیە”.