بۆچی ئەمریكا ئەو دوورگەیەی دەوێت؟
ترەمپ: گرینلاند بۆ ئاسایشی نیشتمانی و جیهان چارەنووسسازە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ سێشەممە دووپاتی کردەوە، دوورگەی گرینلاند پرسێکی چارەنووسسازە بۆ ئاسایشی نیشتمانی و جیهانی.
قسەكانی ترەمپ لە کاتێکدایە دیپلۆماتکارانی ئەوروپا ئاماژەیان بەوە کردووە کە “نیگەرانییەکی زۆر” هەیە لەوەی ترەمپ هەڕەشەی وازهێنان لە ئۆکرانیا بە تەواوی بکات، بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر ئەوروپا لەسەر گرینلاند.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری دیپلۆماتکارانی ئەوروپییەوە رایگەیاندووە، “چارەسەرەکان سەبارەت بە گرینلاند ئەگەری هەیە، بەڵام ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکانی ترەمپ مەحاڵە”.
بە گوتەی ئەو دیپلۆماتکارانە، “ئێستا پەیوەندی لەگەڵ کۆشکی سپی تەنیا بەهۆی بەرژەوەندیی هاوبەشەوە بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ فراوانبوونی درز لەگەڵ واشنتۆن”.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداریشدا، كەناڵی CNNی ئەمریكی لە زاری ئانا کێلی وتەبێژی کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاندووە، “ئیدارەی ئەمریکا ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی هەر پلانێک کە ترەمپ هەڵیبژێرێت بۆ بەدەستهێنانی گرینلاند”.
هەروەها سەرچاوەكە بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەوروپی بڵاویکردەوە “پێدەچێت سکرتێری گشتی ناتۆ قەناعەتی هەبێت کە دەتوانرێت رێککەوتنێک بکرێت کە رێگەیەکی دەربازبوون لە قەیرانی گرینلاند لەگەڵ ئەوروپییەکان بۆ ترەمپ دابین بکات”.
لە پۆستێکیشدا کە دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال بڵاویكردەوە، ترەمپ وتی: ناتۆ 20 ساڵە بە دانیمارک دەڵێت کە دەبێت هەڕەشەی روسیا لە گرینلاند دوور بخەیتەوە، بەداخەوە دانیمارک نەیتوانیوە هیچ لەو بارەیەوە بکات، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە و ئەوە روودەدات.
گرینلاند كوێیە؟
گرینلاند دابەشکردنێکی ئیداری خۆبەڕێوەبەرە لە چوارچێوەی شانشینی دانیمارک، دووەم گەورەترین دوورگەی جیهانە لە دوای ئوسترالیا، دەکەوێتە نێوان زەریای جەمسەری باکوور و زەریای ئەتڵەسی، لە رۆژهەڵاتی دوورگەکانی جەمسەری باکووری کەنەدا.
هەرچەندە لە رووی جوگرافییەوە بەشێکە لە ئەمریکای باکوور، بەڵام گرینلاند زیاتر لە هەزار ساڵە لە رووی سیاسی و کولتوورییەوە پەیوەستە بە ئەوروپا (بە تایبەتی نەرویج و دانیمارک، زلهێزەکانی کۆلۆنیالیزم)، کە لە ساڵی 986ـەوە دەستیپێکردووە، زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئینویتن، کە باوباپیرانیان لە ئەلاسکاوە بە باکووری کەنەدا کۆچیان کردووە و وردە وردە تا سەدەی 13 لە دوورگەکەدا نیشتەجێ بوون.
بۆچی ئەمریكا گرینلاندی دەوێت؟
رەنگە کۆنترۆڵی زیاتری ئەمریکا بەسەر گرینلانددا بەهۆی پێگەی ستراتیژی و بەرهەمی سەرچاوە سروشتییەكانی بێت، كە دەکەوێتە سەر کورتترین رێگا لە ئەوروپاوە بۆ ئەمریکای باکوور، بۆ سیستمی ئاگادارکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی ئەمریکا زۆر گرنگە.
ئەمریکا ئارەزووی خۆی دەربڕی بۆ فراوانکردنی ئامادەیی سەربازی خۆی لە رێگەی رێوشوێنی وەک جێگیرکردنی رادار لەوێ بۆ چاودێریکردنی ئاوەکانی نێوان دوورگەکە و ئایسلەندا و بەریتانیا، ئەو ئاوانەی کە وەک دەروازەیەک بۆ کەشتییە دەریاییەکانی روسیا و ژێردەریاییە ئەتۆمییەکان کار دەکەن.
دوورگەکە دەوڵەمەندە بە کانزا و نەوت و گازی سروشتی، لەگەڵ ئەوەشدا گەشەکردن لەوێ خاوە، پایتەختەکەی نووک لە شاری نیویۆرک نزیکترە لە کۆپنهاگن.
لە راپرسییەکی ساڵی 2023دا دەرکەوتووە کە 25 لە کۆی 34 کانزا کە کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە “کەرەستەی خاو و پێویست”ی دادەنێت، دەتوانرێت لە گرینلاند بدۆزرێتەوە، ئەم کانزایانە بریتیین لەو ماددانەی کە لە پاتریەکاندا بەکاردەهێنرێن، وەک گرافیت و لیتیۆم، هەروەها ئەو توخمە زەوییە دەگمەنانەی کە لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی و تۆرباینەکانی بادا بەکاردەهێنرێن.