دیمەنی ئاڵۆزییەکان لە سوریا
فەرماندە مەزڵوم دەچێتە دیمەشق
دوای ئاگربەست “شانەی نوستوو” پەلاماری هەسەدەیان داوە
964+
ئەحمەد مستەفا
میدیای رۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت کەناڵی روناهی، دەڵێن، لەدوای ئاگربەستی حکومەتی سوریا، ژمارەیەک چەکداری “شانەی نوستوو” لەسەر رێگەی رەقە بۆ حەسەکە پەلاماری هێزێکی هەسەدەیان داوە.
دوێنێ یەکشەممە و درەنگای شەو، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە، بڕیارێکی 14خاڵی جێبەجێکارییان واژۆکرد.
قەرابوو فەرماندە مەزڵوم بچێتە دیمەشق، بەڵام شەرع وتی بەهۆی نالەباری کەشوهەوا نەهاتووە و هەر دوای ئەوە بڕیارەکان بۆ رای گشتی بڵاوکرانەوە، قەرارە ئەمڕۆ دووشەممە 19.1.2026، سەردانەکە ئەنجام بدرێ و بگاتە دیمەشق.
یەکێک لە رێنماییەکانی پاش بڕیارە واژۆکراوەکان، راگەیاندنی ئاگربەست بوو لەسەرجەم بەرەکانی شەڕ، بەڵام شەوی رابردوو هێرش و ئاڵۆزی هەبووە، نازانرێ چەکدارەکانی سوپای عەرەبی بوون، هۆزەکان وە یان پاشماوەکانی داعش.
کەناڵی روناهی لەبارەی هێرشەکەوە نوسیوویەتی، لە ناوچەی سەباح ئەلخێر، و لەسەر رێگەی ئەبەدێ هێرشەکە ئەنجامدراوە، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی رەقە و حەسەکە، وە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”، وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە.
بەگوێرەی گێڕانەوەی کەناڵەکە، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” و چەکدارانی شانە نوستووەکە روویداوە، لە کاتێکدا شانە نوستووەکە ویستوویەتی هێرشی ناوچەیەکی ژێردەسەڵاتی هەسەدە بکەن.