وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق
فوئاد حوسێن لە تارانە
عێراقچی؛ کشانەوەی ئەمریکا بەڵگەی بەهێزبوونمانە لەگەڵ عێراق
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چووە تاران دوای وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی باڵای ئێران کۆبوەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد بەڵگەیە لەسەر بەهێزبوونی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان ئێران و عێراق.
ئەو قسانە لە چوارچێوەی کۆنگرەیەکی هاوبەشی رۆژنامەوانیدا بوو، دواتر بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکانی عێراق ئەوەیان بڵاوکردەوە، فوئاد حوسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق پەیامى وڵاتانى ئەورووپا و ئەمریکاى گەیاندووە بە ئێران، لەسەر رووداوەکانى ناوچەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18.1.2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە تاران لەگەڵ فوئاد حوسێن، هاوتا عێراقییەکەی رایگەیاند، کە هەوڵ دەدرێت بۆ رێککەوتنێکی هاوبەشی هاوکاری ئەمنی لەگەڵ عێراق و هاوکات هاوکاری ئەمنی و سەربازی نێوان هەردوو وڵات بەرز دەکرێتەوە.
بە گوێرەی کۆنگرەکە ئێران ئامادەیە هاوکارییە ئابووری، سیاسی و کولتوورییەکان لەگەڵ عێراق فراوانتر بکات، عێراقچی وتی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق، بەڵگەیە لەسەر بەهێزبوونی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هەروەها، فوئاد حوسێن رایگەیاند، سەردانەکەمان بۆ ئێرانی دراوسێمان لەسەر بنەمای پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی ئابووریی و رۆشنبیریی و بوارەکانی دیکەیە، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەم باسم لە رێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان کرد.
وتیشی، جەختمان لە پێویستی خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتى عێراق بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی بەردەم ناوچەکە کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستای ناوچەکە کرد.
سەردانەکەی فوئاد حوسێن بۆ تاران، لە ئەمڕۆوە دەستی پێکردووە دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لەوانە سەرۆک کۆماری ئێران، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی و ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی هەیە، تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان بریتی دەبن لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرژییەکان.