فەردەی 15 هەزار چووەتە سەری
نرخی عەلاگە بەرزبووەتەوە و فرۆشیار و دوکاندارانی نیگەران کردووە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
نرخی ئەو عەلاگانە بەرزبووەتەوە کە رۆژانە هاوڵاتیان لەکاتی بازاڕکردندا، خواردن و پێداویستیەکانیانی تێدەکەن، بەهۆی ئەوەی لەبەرامبەریشی دا پارەی عەلاگە نادرێت گرانبوونەکەی تەنیا لەسەر فرۆشیاران دەکەوێت و دووکاندارێکیش دەڵێ بەهۆی بەرزی نرخەکەیەوە وازمان لە کرینی عەلاگەی دەرەکی هێناوە.
رامان قارەمان دوکاندارێکی قەزای کۆیەیە و بە 964ـی وت، نرخی عەلاگە زۆر بەرزبووەتەوە و رۆژانە نزیکەی شەش هەزار زیادم لەسەر دەکەوێت بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی و پێشتر فەردەیەک عەلاگە کە 20 کیلۆی تێدایە بە 30 هەزار دینار بوو بەڵام ئێستا لەسەروو 45 هەزار دینار دایە.
وتیشی، ئەو عەلاگەی ئێمە بەکاری دێنین ئێرانیە بەڵام کە نرخەکەی بەرزبوەتەوە ئێستا بە ناچاری عەلاگەی ناوخۆ بەکاردێنن، راستە نرخەکەی بەرزنەبووەتەوە بەڵام ئەویش کوالێتی باش نییە و دەدرێت و کڕیارەکانمان گلەییمان لێدەکەن.
بۆ سۆراغی گرانبوونی عەلاگە سەردانی چەند کۆگایەکمان کرد لە قەزای کۆیە بەپێی کوالێتیان لە هەندێک شوێن سەروو 10 هەزار و هەندێکی تر سەروو 20 هەزار دینار چووەتە سەر هەر فەردەیەک عەلاگە کە 20 کیلۆی تێدایە و ئەوان بە 964 ـیان وت، بەهۆی خۆپیشاندان و ئاڵۆزیەکانی ئێرانەوە ئێستا بە بڕێکی کەمتر لە عەلاگە و مادە نایلۆنیەکان هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەمەش وایکردووە بەتایبەت عەلاگە نرخەکەی بەشێوەیەکی زۆر بەرزبێتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی