هەسەدە وا دەڵێت
شەڕ لە مەسکەنە دەستیپێکردەوە؛ هێزەکانی سووریا رێککەوتنەکەیان پێشێل کردووە
964+
وریا فەتاح
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە، لە ئێستادا “مەسکەنە” پێکدادانی توندی تێدایە، ئەوەش بەهۆی “پێشێلکارییەکانی حکومەتی دیمەشق” بۆ بەندەکانی ئەو رێککەوتنەی کە بە چاودێری نێودەوڵەتی واژۆ کرابوو.
هێزەکانی سووریای دیموکرات رایانگەیاندووە کە حکومەتی سووریا پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە و خروقاتی ئەنجامداوە، هەر بۆیە شەڕ دەستیپێکردووەتەوە.
هەسەدە دوو مەرجی سەرەکی بۆ راگرتنی پێکدادانەکان دیاری کردووە:
1. راگرتنی پێشێلکارییەکان: پێویستە هێزەکانی حکومەت دەستبەجێ هێرشەکانیان رابگرن.
2. پابەندبوونی تەواو: دیمەشق بە تەواوی پابەندی رێککەوتنەکە بێت تاوەکو پڕۆسەی کشانەوەی شەڕڤانانی هەسەدە لە هەردوو شاری (مەسکەنە و دێرحافز) بە سەلامەتی و بەپێی رێککەوتنەکە کۆتایی دێت.
ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو بەپێی نەخشەیەکی نوێی نێودەوڵەتی، هێزەکانی هەسەدە کاتژمێر 7ـى بەیانى ئەمڕۆ لەو دوو ناوچەیە بکشێنەوە، بەڵام دەستپێکردنەوەی شەڕەکە پڕۆسەی کشانەوەکەی پەکخستووە.