پارەی عێراقی
چارەسەر چییە؟
كورتهێنانی بودجەی عێراق زیاتر بووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
روانگەی ئیکۆ عێراق رۆژی شەممە رایگەیاند، کورتهێنانی بودجە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم گەیشتووەتە 24 ترلیۆن و 680 ملیار دینار، ئاماژەی بەوەش کرد، خەرجییەکانی ئێستا، وەک موچە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، 75%ی کۆی خەرجییە گشتییەکان پێکدەهێنن.
روانگەكە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت مانگانە بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و خەرجییە گشتییەکانەوە روو لە زیادبوون دەکات.
هەروەها هاتووە، “تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 کورتهێنان گەیشتووەتە 24,680,555,254,693 دیناری عێراقی، داهاتەکان نزیکەی 103 ترلیۆن دینار بووە، کە داهاتی غەیرە نەوتی لە 10 ترلیۆن زیاتر نەبووە”.
بە گوێرەی ئەو روانگەیە، کۆی داهاتی دەوڵەت تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 103,514,200,991,817 دینار بووە، کە داهاتی غەیرە نەوتی لە باج و گومرگ و رسومات: 10,316,748,440,669 دینار، هەروەها داهاتی نەوت، کە بریتین لە فرۆشتنی نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان و خولی مۆڵەتدان: 93,197,452,551,148 دینار.
جگە لەوە باسی ئەوەش كراوە، “کۆی خەرجییەکانی دەوڵەت بۆ هەمان مانگ 128,194,756,246,510 دینار بووە، کە 90%ی هاوتایە لەگەڵ خەرجییەکانی ئێستا کە نزیکەی 96 ترلیۆن و 378 ملیار دۆلارە، کە بۆ موچە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان تەرخانکراوە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “چارەسەرکردنی کورتهێنانی دارایی پێویستی بە بەهێزکردنی داهاتە نانەوتییەکان هەیە بە باشترکردنی، کۆکردنەوەی باج و فراوانکردنی بنکەی باجی گومرگی، جگە لە کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکانی ئێستا و باشترکردنی کارایی خزمەتگوزارییە گشتییەکان”.