ئەوقافی سلێمانی: "ھیچ مامۆستایەک بۆی نییە لەنێو حەرەمی مزگەوتدا ھێرش بکاتە سەر ھیچ کەس و لایەنێک"
ئەوقافی سلێمانی:
“نابێ مامۆستا لەنێو حەرەمی مزگەوتدا ھێرش بکاتە سەر ھیچ کەس و لایەنێک”
964+
شۆڕش قادری
ئەوقافی سلێمانی دەڵێت، ھیچ مامۆستایەکی وتارخوێن بۆی نییە راستەوخۆ یان نا راستەوخۆ ھێرش بکاتە سەر ھیچ کەس و لایەنێک لە کاتی وتار و لەنێو حەرەمی مزگەوتدا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراێکدا بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ ھەینی لەکاتی وتاری ھەینی لە مزگەوتی بەختەوەری شاری سلێمانی، بەھۆی ھەندێ بابەتی لابەلای دەرەوەی وتار، گفتوگۆیەک لەنێوان مامۆستای وتارخوێن و نوێژخوێنانی مزگەوتەکە دروست بووە و بووەتە ھۆی نیگەرانی بەشێکی نوێژخوێنان، ئێمە لەبەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف ئەم سێ خاڵە بۆڕای گشتی دەخەینەڕوو”؛
یەکەم – بەپێی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی ڕێکخستنی گوتاری ئاینی، ھیچ مامۆستایەکی بەڕێزی وتارخوێن نابێت (ڕاستەوخۆ یان نا راستەوخۆ )ھێرش بکاتە سەر ھیچ کەس و لایەنێک لە کاتی وتار و لەنێو حەرەمی مزگەوتدا
دووەم – تێکدانی کەشی وتارو بەشێکی نوێژ خوێنان لەناو وتار بەم شێوازەی لەبڵاوکراوەکاندا تۆمارکراوە، ئارامی مزگەوتەکان تێکدەدات، کە ھیچ کەسێک ئاواتی بۆ ناخوازێت.
سێیەم – بریارماندا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند تاوەکو بگەینە دروستی بابەتەکەو لەکۆتایدا بەپێی یاساو ڕێنماییەکان مامەڵە دەکەین.
ئەم راگەیەنراوەی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی دوای ئەوە دێت کە لە نوێژى هەینى ئەمڕۆى مزگەوتى بەختەوەرى لە گەڕەکى راپەڕینى سلێمانى، گرژى و ئاڵۆزى لە نێوان وتارخوێنى مزگەوتەکە و بەشێک لە نوێژخوێنان دروستبووە و دواتر وتارخوێنی مزگەوتەکە لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەر کرا.