كتێبخانەی ئەوقافی هەولێر كرایەوە
“كتێبمان هەیە تەمەنی نزیكەی 100 ساڵە”
964+
عەبدولعەزیز خالند
كتێبخانەی گشتیی ئەوقافی هەولێر كراوەتەوە و نزیكەی پێنج هەزار ناونیشانی تێدایە، بەڕێوەبەری ئەوقافیش دەڵێت، سەرچاوەی زۆر گرنگی تێدایە و پارەشیان بە هیچ یەكێك لە كتێبەكان نەداوە.
پەیامنێری 964 ئەمڕۆ پێنجشەممە 15.1.2026 سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی هەولێری كرد و ئەو كتێبخانەیەی بینی، كە لەوێ ئاوەدان كراوەتەوە.
نەبەز ئیسماعیل بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر دەڵێت، نزیكەی پێنج هەزار كتێب لە كتێبخانەی ئەوقافی كۆكراوەتەوە، كتێبەكان هەموویان دیاری و وەقفن، كەسانی خێرخواز و نووسەران و ئەدیبان هێناویانن”.
وتیشی، “سەرچاوەی گرنگی بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرای تێدایە، هەروەها 107 نامەی ماستەر و دكتۆراش لەوێدا بەردەستن”.
نەبەز ئیسماعیل باسی كۆمەڵێك كتێبی دەگمەنیشی كرد، كە لە كتێبخانەكەدا هەن و كتێبی تێدایە تەمەنی نزیكەی 100 ساڵە.
باسی ئەوەش دەكات، هەر كەسێك بیەوێت دەتوانێت سوود لە كتێبەكان وەربگرێت و بۆ هەمووان كراوەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا