جێگری پارێزگار: هەفتەی داهاتوو نەوت دێت و دابەشی دەكەین

خاوەن پێداویستە تایبەتەكانی سلێمانی داوای نەوتی سپی دەكەن

964+

دیلان محەمەدجەزا

ئەمڕۆ ژمارەیەك لە خاوەن پێداویستە تایبەتەكانی سلێمانی، بۆ داواكردنی نەوتی سپیی ماڵان، چوونە بەردەم پارێزگای شارەكە، بە کورتی و خێرایی داواکەی خۆیان گەیاند، جێگری پارێزگاریش رایگەیاند، چاوەڕێ دەكەن هەفتەی داهاتوو بەشە نەوتەكە بێت و دابەشی بكەن.

جێگری پارێزگاری سلێمانی شاهۆ عوسمان بە 964ی وت، چاوەڕێ دەكەن بەشە نەوت هەفتەی داهاتوو لە لایەن حكومەتی عێراقەوە بنێردرێتە سلێمانی و ئەوانیش دابەشی سەر خانەوادە و كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتی بكەن.

وتیشی، بەهیوان لە ساڵی نوێدا ئەو كێشانەی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر ببن، كە نەوتی سپییش بەشێكە لە كێشەكان.

ئەمڕۆ سلێمانی كەشەكەی زۆر سارد بوو، بەفر لە سەنتەری شاردا باری، بەڵام خاوەن پێداویستە تایبەتەكان تینیان بۆ هاتووە و گردبوونەوە، یەكێك لەو هاوڵاتییانە بە 964ی وت، داواكارییەكە هەر نەوت نییە، موچەكەمان بۆ چاك بكەن و زیادی بكەن، هەروەها دەرمانمان پێبدەن.

یەكێكی دیكەش لەوانەی بۆ 964ی قسەی كرد، دەڵێت، “ئەوانە گاڵتەیان بە داواكارییەكانی ئێمە دێت و پێمان پێدەكەنن، بۆیە تەمام پێیان نییە”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە گەرمیان ئەو وێستگانە دەستنیشان کران کە نەوتی سپیان ...

لە گەرمیان ئەو وێستگانە دەستنیشان کران کە نەوتی سپیان تێدا دابەش دەکرێت