ئەگەری خوێنبەربوون کەمدەکاتەوە
ئامێرێکی نوێی نەشتەرگەری هەناوبینی (ناظور) بۆ تەندروستی کۆیە دابینکرا
964+
فەرهاد حەسەن
تەندروستی کۆیە دەڵێت، ئامێرێکی نوێی نەشتەرگەرییان بۆ هەناوبینی (ناظور) دابینکردووە گرنگییەکەی لەوەدایە لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری و ئەگەری خوێنبەربوون لەکاتی نەشتەرگەری کەمدەکاتەوە.
ئامێرەکە LigaSure device بۆ بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی فێرکاری شەهید د.خالید لە سەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە، دابینکراوە.
ئامێرەکە لە رێگەی بەکارهێنانی کارەبای گەرمەوە (electrosurgical energy) کار دەکات، دەتوانرێت لەرێگەی ئەم ئامێرەوە کەویکردن (داخکردن) و بڕینەوەی ئەو بەشە جیاوازانە ئەنجامبدرێت کە لەناو جەستەدا پێویستە لاببردرێن لەکاتی نەشتەرگەری و بەشێوەیەکی بەرچاویش کاتی پێویست بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری و ئەگەری خوێنبەربوون لەکاتی نەشتەرگەری کەم دەکاتەوە، بێ ئەوەی پێوست بەدروستکردنی برینی گەورە و دوورینەوە بکات لەسەر جەستە.
ئاماژەبەوەشکراوە، ئەم ئامێرە دەتواندرێت لە نەشتەرگەری گشتی، نەشتەرگەرییەکانی ژنان، گەدە، رژێنی پەریزاد، کولۆن و زۆر نەشتەرگەری دیکەی گرنگ، بەکاربهێنرێت.