سەرۆکی تیمی پارێزەران بۆ 964 دوا

وردەکاری گواستنەوەی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی بۆ هەولێر

964+

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و 11 کەسی دیکە لە ئەندامانی بەرەی گەل بۆ وردبینی گوازرایەوە بۆ دادگای تەمیزی هەولێر، بەڵام جارێ هەر 12 کەسەکە لە سلێمانی دەمێننەوە.

بورهان رەشید سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ دووشەممە 12.1.2026 دادگای سلێمانی بڕیاریداوە دۆسیەی 12 کەس لە گیراوانی لالەزار بۆ وردبینی بگوزارێتەوە بۆ دادگای تەمیزی هەولێر”.

“ئەو 12 کەسە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و رێبوار حاجی غالیـشیان تێدایە”، بورهان رەشید وای وت.

“تەنیا کەیسی 56 کە تایبەتە بە ئیتفاقی جینایی و لەسەر سکاڵای بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لەسەریان تۆمارکراوە، دەنێردرێتە دادگای تەمیزی هەولێر و کەیسی 406 جارێ هەر لەدادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشە”، بورهان رەشید وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەو کاتەی دادگای تەمیزی هەولێر وەڵام دەداتەوە، ئەو 12 کەسە هەر لە سلێمانی دەمێننەوە.

دوای رووداوەکانی لالەزار لە شەوی 21 لەسەر 22ـی مانگی 8ـی ساڵی رابردوو و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل و چەند ئەندامێکی دیکەی حزبەکە، ئەمڕۆ دووشەممە 12.1.2026 دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لە دادگای سلێمانی، بۆ یەکەمجار لە کەشێکی ئەمنیی توندوتۆڵدا بەڕێوەچوو.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و براکەی بۆ وردبینی نێردراوە بۆ ...

دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و براکەی بۆ وردبینی نێردراوە بۆ دادگای تەمیزی هەولێر