تەندروستی شارەکە: جێگیرکرا

مامۆگرافی لە گەرمیان دانرا و مەچن بۆ هیچ شوێنێکی تر

964+

ئەحمەد مستەفا

لەسەر بودجەی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، ئامێرێکی مامۆگرافی بۆ سەنتەری تیشکی کەلار دابینکرا، تەندروستی شارەکە دەڵێ، دەخرێتە خزمەت هاوڵاتییانەوە.

ئامێرەکە تایبەتە بە پشکنینی تیشکی مەمک، بۆ دەرخستنی نەخۆشی و گرێ و کێشەکانی مەمک سوودی لێدەبینرێ.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11.1.2026، تەندروستی گەرمیان سەرەڕای راگەیاندن و دانانی ئامێرەکە بۆ رای گشتی، دەڵێت، ئامێرەکە لەئێستادا جێگیرکراوە و خراوەتە خزمەتی دانیشتووانی سنوورەکە و دەتوانن سوودی لێ ببینن.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، بەردەوامە لە دەستبەرکردنی ئەو خزمەتگوزارییە نوێیانەی کە ژێرخانی تەندروستی ناوچەکە پێویستی پێیانە و هاوڵاتیان بەناچاری بۆ دەستخستنی سەردانی شوێن و شارەکانی دیکە دەکەن.

پشکنینی مامۆگرافی، جۆرێكی تایبەتی تیشكە بۆ پشکنینی مەمک و دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک ئەنجامدەدرێت، پشکنینیەکە ناتوانێت رێگری لە شێرپەنجەی مەمک بکات، بەڵام دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دۆزینەوەی پێشوەختەی شێرپەنجە، پێش ئەوەی هەستی پێبکرێت یان پێش ئەوەی نیشانەکانی هەبێ.

توێژینەوەکان دەریان خستووە، هەموو ژنێکی سەروو تەمەن 40 ساڵ پێویستە ساڵی جارێک ئەم پشکنینە ئەنجامبدەن بەتایبەتی ئەوانەی پێشینەی خێزانی تووشبووی شێرپەنجەی مەمکیان هەیە.

وێنە: جێگیرکردنی ئامێرەکە