508 رووداوی لافاو تۆمار کراون
ئاگرکەوتنەوە لە سەنتەری شارەکان 10٪ کەمیکردووە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە ئامارێکی نوێدا، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێم مژدەی کەمبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەی لە ناو جەرگەی شارەکان و باڵەخانە بەرزەکان دەدات و لە ساڵی 2025دا، کۆی گشتی 12 هەزار و 345 رووداوی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری هەرێم تۆمارکراون، کە لەو ژمارەیە نۆ هەزار و 402 رووداویان ئاگرکەوتنەوە بوون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگری شارستانی هەرێمیش دەڵێت، پابەندبوونی خاوەن مۆڵ و هۆتێل و باڵەخانەکان بە مەرجە ئەمنییەکان، وایکردووە رێژەی ئاگرکەوتنەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو 10٪ دابەزێت.
سەرکەوت کاڕەش، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی هەرێم بە 964ـی وت، “خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەمساڵ، گۆڕانی عەقڵیەتی هاونیشتمانییانە بەرامبەر مەرجەکانی سەلامەتی، ئێستا خەڵک خۆیان پێش وەرگرتنی مۆڵەت سەردانی بەرگری شارستانی دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لە سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی شوێنەکانیان، ئەم هاوکارییەی نێوان هاونیشتمانی و تیمەکان، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی زیانە گیانی و مادییەکان هەبووە لە هەر سێ پارێزگاکە بە ئیدارە سەربەخۆکانیشەوە”.
وتیشی، بەرگری شارستانی هەولێر ئێستا خاوەنی ئامێری مۆدێرنە، جگە لە پەیژەی 42، 53 و 64 مەتری، ئێستا پەیژەیەکی ناوازەی 100 مەتری گەیشتووەتە هەولێر کە بەرزترینە لەسەر ئاستی عێراق، ئەم پەیژە نوێیە کە تیمەکان پێویستە راهێنانی تایبەت وەرگرن لەسەری، دەبێتە فریادڕەسی باڵەخانە زۆر بەرزەکان و لە کاتی هەر رووداوێکی نەخوازراودا، خێراترین و بەهێزترین وەڵامدانەوەی دەبێت.
بەپێی ئەو ئامارەی لە بەرگری شارستانی هەرێمەوە دەست 964 کەوتووە لە ساڵی 2025دا نۆ هەزار و 402 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوون، لە سەرجەم هەرێمی کوردستان 508 رووداوی لافاو تۆمار کراون، هەزار و 126 کەس لە سەرجەم هەرێمی کوردستان رزگار کراون.
رێژەی مردن لە کۆی رووداوەکان لە تەواوی هەرێمی کوردستان 85 هاوڵاتی بووە، 68 کەس لە ئاودا خنکاون و 22 کەسیش لە خنکان رزگار کراون، دوو کەسیش بە دووکەڵ گیانیان لەدەستداو.
جگە لەو ژمارانەی سەرەوە، دوو کارمەندی بەرگری شارستانیش لەکۆی رووداو جیاجیاکاندا لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم، گیانیان لەدەستداوە و 18 کارمەند و ئەفسەریش برینداربوون.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر