کاریگەری جارانی نەماوە و پەرتەوازەبوون
موجاهیدینی خەڵق گرووپێکی بەدەنگی بێ رەنگ
964+
ژووری هەواڵ
مەریەم رەجەوی، ئەو ژنە 73 ساڵەی بۆ سەردەمێک روخساری یەکەمی بەهێزترین گروپی بەرهەڵستکاری ئێرانی بوو، بەڵام رۆژگار و باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران مەریەم و گرووپە چەکدارەکەیان لەقاڵب دا و ئێستا وەک گرووپێکی بە دەنگی بێ رەنگ ماونەتەوە.
موجاهیدینی خەلق، ناوی ئەو گرووپەیە کە کەم کەس هەیە لە ئێرانی ئێستا و عێراقی جاران ناویان نەبیستبێت، ئەمانە سەرسەختترین نەیاری دەسەڵاتەکەی خومەینی بوون، بەڵام مێژووی ئەم گرووپە زۆر لەوەوبەرەوە دەستی پێکردووە.
سازمانی موجاهیدینی خەڵق، گەورەترین و چالاکترین گروپی بەرهەڵستکاری ئێران بوو، ساڵی 1965 لەسەر دەستی چەند رۆشنبیرێکی چەپخواز دروست بوو، بەڵام زۆری کاردانەوەکانیان لە چالاکی سیاسییەوە گۆڕا بۆ کردەوەی سەربازی و لەسەردەمی شادا زنجیرەیەک تەقینەوەی گەورەیان دژی شا و ئامانجە ئەمەریکییەکان ئەنجامدا.
کاتێک رژێمەکەی ئێران گۆڕا، ئەم گرووپە تێکەڵی کاروباری سیاسی بوونەوە و مەسعودی رەجەوی نیازی خۆی نیشاندا کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتە کاندید بکات، بەڵام فەتوایەکی خومەینی رێگری لێکرد، هەر پاش ئەوە مانگی هەنگوینیان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ زۆری نەخایاند و لە ناوەڕاستی ساڵی 1981 ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامانیان لە سێدارەدران، ئیتر سەرکردایەتی گرووپەکە پەرت بوون و زۆربەیان لە فەرەنسا بوونە پەناخواز، تا ئەو کاتەی ساڵی 1986 مەسعود رەجەوی و سەرکردایەتی گروپەکە روویان لە عێراق کرد و سەدام بەت ەواوی پشتگیری کردن و پڕچەکی کردن.
هەم بۆ شەڕی ئێران – عێراق و هەم بۆ لێدان لە پێشمەرگە ئەم گرووپە چەکێکی کاریگەر بوون بەدەست سەدامەوە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتەکەی سەدام لاواز کرا، ئیتر ئەمانیش بێ حەول و قوەت مانەوە و ساڵی 2003 دەسەڵاتی نوێی عێراق فەرمانی کرد کە دەبێت ئەو گرووپە لە عێراقدا نەمێنن.
ئێستا گرووپەکە ئەو کاریگەرەی جاران نەماوە و سەرکردایەتی و ئەندامەکانی هەریەک کەوتوونەتە وڵاتێک، هەرچەندە خەڵکی ئێران هیوایەکی زۆریان پێی نییە، بەڵام مەریەم رەجەوی کە لە ساڵی 1993ـەوە کەسی یەکەمی ئەم گرووپەیە، لەگەڵ ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتی رۆژانە لەسەر ئێکس پەیام بڵاودەکاتەوە، بەڵام نە موجاهیدینی خەڵق، خەڵقەکەی جارانە و نە مەریەمیش مەریەمەکەی جاران، بۆیە پەیامەکانی کاریگەرییەکی ئەوتۆیان بەسەر مەیدانەوە نەماوە.