شۆفێرانی بارهەڵگری گەرمیان گردبوونەوە
“بار بۆ عێراقی نییە جگە لە ئێرانی و تورک”
964+
میلاد جەلال – كەلار
ژمارەیەكی زۆری شۆفێرانی بارهەڵگر لە كەلار گردبوونەوە و هاواریان لێ هەڵساوە، چونكە لەبەر شۆفێر و بارهەڵگرانی ئێرانی و تورك كاریان دەستناكەوێت، یەكێك لە شوفێرەكانیش دەڵێت، خاوەن بارەكان لێیان بێمەنتن و حیسابی كۆیلەیان بۆ دەكەن.
گردبوونەوەكە ئەمڕۆ شەممە 10.2.2026 لە كەلار كرا و شۆفێرانی بارھەڵگر داواکاری ئەوان ئەوەیە رێگە نەدرێت شۆفێرانی وڵاتانی دیکە لە ناوخۆی کوردستان بار بگوازنەوە و دەڵێن، “باری ترانزێت ئیشی بۆ ئەوان نەھێشتووە، جگە لەوەش لە ناوچەی پیشەسازی، پێداویستی ئۆتۆمبێل دەبەنەوە بۆ ئێران و لەسەر ئەوان شتەکان گران بووە”.
سەباح حەمید یەكێك لەو شۆفێرانەیە و بە 964ی وت، “لەبەر بارهەڵگری تورک و ئێران كارمان دەستناكەوێت، ئەمە لە كاتێكدا كتابمان بۆ كراوە ترانزێت داخیلی كوردستان نەبێت، بەڵام هەر داخیل دەبن و نازانین بۆچی وایە”.
هەروەها ئارام ساڵح شۆفێری دیكەیە و لە وەزعەكە تووڕەیە، ئەو دەڵێت، “هەتا ئێرانی و تورک وەستابێت حیساب بۆ ئێمە ناكەن، كە باریشمان پێدەدەن وەك كۆیلە سەیرمان دەكەن”.
وتیشی، ئەگەر لە نرخەكەش رازی بین پێمان دەڵێن، ئەگەر باری ناكەی ئەوە بارهەڵگری ئێرانی و تورك ئامادەن.
ئارام باسی ئەوە دەكات، بارهەڵگرانی وڵاتی دیكە لە ناوخۆی كوردستانیش بار هەڵدەگرن و كاری ئەوانیان نەهێشتووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا