نەخۆشخانەی خالید فەجر لە ژێر بۆردوماندایە
بەڕێوبەرایەتی خۆسەر: لە شێخ مەقسود مەترسیی “کۆمەڵکوژی” هەیە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوبەرایەتی خۆسەری دیموکرات لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، هۆشداریی توند لەبارەی مەترسیی روودانی “کۆمەڵکوژی و قڕکردن” دەدات لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب و دەڵێت، نەخۆشخانەی ناوچەکە کراوەتە ئامانج.
بەپێی بانگەوازێکی بەپەلە کە ئەمڕۆ شەممە 10.1.2026 بڵاوکراوەتەوە، بەڕێوبەرایەتییەکە رایگەیاندووە، نەخۆشخانەی “خالید فەجر” لە یەکەم رۆژی هێرشەکانەوە بەشێوەیەکی سیستماتیک بۆردومان دەکرێت، ئەمەش وەک “تاوانی جەنگ” و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کراوە.
بەپێى بانگەوازەکە، بۆردومانەکان ژیانی نەخۆش، بریندار و ستافی پزیشکییان خستووەتە مەترسییەوە و کەرتی تەندروستی ناوچەکە خەریکە بەتەواوی پەکدەکەوێت.
باس لەوەشکراوە، بۆردومانکردنى نەخۆشخانەکە بووەتە هۆى بێبەشکردنی مەدەنییەکان لە چارەسەر و بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لە نێوان دانیشتوواندا.
ئیدارەى خۆسەر، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان دەکات دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ پاراستنی ناوەندە پزیشکییەکان و راگرتنی بۆردومانەکە.