ژنانی رزگاربووی دەستی داعش یەکەم موچە وەردەگرن
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
هەفتەی داهاتوو یەکەم وەجبەی ژنان و کچانی رزگاربووی دەستی داعش یەکەم موچە وەردەگرن و ژمارەیان 400 کەسە.
مانگی ئاداری ساڵی 2021 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای “ژنان و کچانی رزگاربووی دەستی داعش”ـی پەسەند کرد.
لە یاساکەدا 16 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی کچان و ژنانی ئێزیدی تەرخان کراوە.
سەراب ئەلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری رزگاربووانی ژێردەستی داعش لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: “هەفتەی داهاتوو یەکەم وەجبە موچە وەردەگرن و لە مانگی حوزەیرانی 2022ـەوە موچەیان بۆ هەژمار دەکرێت.
تۆڕی 964 دەزانێت، موچەکە لە سەرەتادا تەنيا ژنان و کچانی سەروو 18 ساڵ دەگرێتەوە و بڕەکەشی 500 هەزار دینار دەبێت.
“وەرگرتنی مامەڵەکان بەردەوامن و قۆناغ بە قۆناغ سەرجەم کچان و ژنانی رزگاربووی ئێزیدی کارەکانیان بۆ دەکرێت و موچەکانیان پێ دەدرێت”، سەراب ئەلیاس وای وت.
لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە لایەن داعشەوە لە ساڵی 2014دا، زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتیی ئێزدی رفێنران و تا ئێستا 3 هەزار و 562 کەسیان رزگار کراون و چارەنووسی 2 هەزار و 693 کەسی دیکەشیان نادیارە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد