پارێزگاری سلێمانی

پشتیوانی کەمپەینێکی راکردن بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ نەخۆشخانەی هیوا دەکات

964+

ژێوار خدر

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی بۆ نەخۆشخانەی هیوا، بەشداریی لە چالاکییەکی راکردنی مەودای درێژدا کرد، چالاکییەکە لە “فامیلی مۆڵ”ی سلێمانی لەلایەن وەرزشوان بەهجەت حەسەنەوە ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا بڕیارە بۆ ماوەی 50 کاتژمێر بەبێ وەستان و خەوتن رابکات و پارێزگاری سلێمانی وەک نیشاندانی پاڵپشتیی فەرمی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە، چووە شوێنی چالاکییەکە و بەشداریی لە بەشێکی راکردنەکەدا کرد.

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر چەند وێنەیەکی خۆی لە کاتی بەشداریکردنی لە چالاکییەکەدا لە فەیسبوکەکەی خۆی بڵاوکردووەتەوە و داوای لە هاوڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە پشتیوانیی کەمپەینەکە بن بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین کۆمەک بۆ نەخۆشخانەی هیوا کە تایبەتە بە چارەسەری شێرپەنجە.

ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە چالاکییانە گرنگییەکی زۆریان هەیە لە دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ئەو ناوەندە تەندروستییانەی خزمەتگوزاریی مرۆیی پێشکەش دەکەن، هاوکات پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەوڵە وەرزشییە دەربڕی کە لە خزمەت کەرتی تەندروستیدایە.

لەلایەکی دیکەوە، وەرزشوان بەهجەت حەسەن کە چالاکییەکە ئەنجام دەدات، ماوەی 17 کاتژمێرە بەبێ وەستان لە راکردن بەردەوامە و لەم چاڵێنجە وەرزشییە، ماوەی 50 کاتژمێر بەردەوام دەبێت لە راکردن بێ وەستان و خەوتن دەیەوێت بەم کارەی زۆرترین هاوکاری دارایی لە رێگەی سندوقی تایبەتەوە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە کۆبکاتەوە.

"دەمانەوێت هەموومان لە پێنجوێنەوە فێرببین"