مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات
"وەڵاممان دەبێت"
مەزڵوم عەبدی بۆ حکومەتی کاتی: بەرامبەر هێرشەکان دەستەوستان ناوەستین
964+
وریا فەتاح
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب رایگەیاند، ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئەو دوو گەڕەکە دروست بێت، ئەوان “دەستەوستان ناوەستن” و وەڵامیان دەبێت.
عەبدی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هاوار وتی: “ئەو هێرشانەی حکومەتی کاتی بە تانک و چەکی قورس دەیکاتە سەر گەڕەکەکانی حەلەب، هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ کۆچپێکردنی زۆرەملێی کوردە رەسەنەکانی ئەو ناوچەیە و ئەم کارەش دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە.”
فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا حکومەتی کاتی هەموو دەستپێشخەرییەکانى بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە رەتدەکاتەوە. وتیشی: “ئەمە پێشێلکردنی رێککەوتنی 10ـی ئادار و 1ـی نیسانی ساڵی رابردووە، کە تێیدا جەخت لە پاراستنی دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە کرابووەوە.”
مەزڵوم عەبدی ستایشی بەرگریی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و گەنجانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی کرد و داوای لە هاوڵاتیان کرد “خۆڕاگربن” لە بەرامبەر ئەو فشارانەدا.
لە کۆتایی قسەکانیدا، عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا بژاردەی یەکەمی ئەوان “دیالۆگ و گفتوگۆیە” بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام هۆشداریشی دا کە پەنابردن بۆ هێزی سەربازی لەلایەن حکومەتی سووریاوە، وڵاتەکە بەرەو خولگەیەکی نوێی توندوتیژی دەبات کە هەمووان تێیدا دۆڕاو دەبن.