گەنجێکی هەولێری
18 ساڵە خەرجی ساڵانەی خۆی تۆمار دەکات
964+
رێباز خدر- هەولێر
تالیب خالید، گەنجێکی تەمەن 37 ساڵەی دانیشتووی هەولێرە، لە ساڵی 2008ـەوە بە شێوەیەکی بەردەوام و ساڵانە تەواوی خەرجییەکانی ژیانی تۆمار دەکات، ئەو لە رێگەی لیستێکی تایبەتەوە بەراوردی ساڵەکانی تەمەنی دەکات و دەڵێت، ئەم خولیایەی وای لێکردووە کۆنترۆڵێکی تەواوی بەسەر داهات و خەرجییەکانیدا هەبێت و تەنیا لە ساڵی 2025دا بڕی سێ ملیۆن دینار خەرجییەکانی کەم بکاتەوە.
خەرجییەکانی دابەشی 13 بەش کردووە
تالیب بە 964ـی وت، هەر لە منداڵییەوە حەزم بە نووسینەوەی وردەکارییەکانی ژیانم کردووە و خەرجییەکانیشم بەشێکی سەرەکین لەو تۆمارکردنانە.
ئەو هەموو خەرجییەکانی دابەشی سەر 13 سێکتەری جیاواز کردووە، لەوانە: بازاڕکردن، خواردن و خواردنەوە، گەشت و سەیران، هاتوچۆ و چەند بەشێکی تر.
تالیب سەرەتا خەرجییەکان لە ناو دەفتەرێکی تایبەتدا دەنوسێت و دواتر دەیانکات بە شێوەی لیست بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی بەراوردی ساڵەکان بەیەکەوە بکات و بزانێت پارەکانی لە چیدا خەرج کردووە.
لە 700 هەزارەوە بۆ 16 ملیۆن دینار
سەبارەت بە سوودەکانی ئەم کارەی، تالیب ئاماژە بەوە دەکات، توانیویەتی پلانێکی دارایی تۆکمە بۆ ژیانی دابنێت؛ وەک خۆی دەڵێت: “لە ساڵی 2025دا خەرجییەکانم گەیشتبووە 10 ملیۆن دینار، کە سێ ملیۆن دینار کەمتر بوو بە بەراورد بە ساڵی 2024 و تێیدا 13 ملیۆن دینارم خەرج کردبوو”.
بەپێی تۆمارەکانی ئەم گەنجە هەولێرییە لە ماوەی ئەم 17 ساڵەدا، زۆرترین بڕی پارە کە لە ساڵێکدا خەرجی کردبێت 16 ملیۆن دینار بووە، لە بەرامبەریشدا کەمترین خەرجی ساڵانەی تەنیا 700 هەزار دینار بووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر