چەند کەس کوژراون و سەرۆک چۆن بریندار بوو؟
نهێنی نوێ لە بارەی دەستگیركردنی مادۆرۆ و هاوسەرەكەی ئاشكرا كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا دیوسدادۆ كاپیۆ لە تەلەڤزیۆنی وڵاتەكەی خستیەڕوو،
100 كەس كوژراون و زیاتریش لەوە بریندار بوون لە كاتی دەستگیركردنی سەرۆك و ژنەكەی، هەروەها دەڵێت، سەرۆك و ژنەكەشی بریندار بوون.
وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا لە بەرنامەیەكدا كە سێشەممان لە تەلەڤزیۆنی ئەو وڵاتە پێشكەش دەكرێت، ئاشكرای كرد، نیكۆلاس مادۆرۆ لە قاچی بریندار بوو، هەروەها سیلیای هاوسەری لە سەری و جەستەی بریندار بووە.
هاوكات تەلەڤزیۆنی ڤەنزوێلا وێنەی كوژراوەكانی بڵاوكردەوە، كە بە قسەی وەزیری ناوخۆ 100 كەس كوژراون و زیاتریش لەو ژمارەیە بریندار بوون، هاوكات وێنەی تابووتی كوژراوەكان، كە بە ئاڵای وڵاتەكەیان پێچرابوو، پێشاندرا و وەك پاڵەوان ناویان هێنرا.
پێشتر تەلەڤزیۆنیCNN ی ئەمریكی ئاشكرای كرد، مادۆرۆ و ژنەكەی لە كاتی هێرشەكەی هێزی دێلتا هەوڵیاندابوو رابكەن، بەڵام سەریان بە دەرگایەكی ئاسنین كەوتووە لە شوێنەكەی خۆیان.
CNN دەڵێت ئەو هێزەی مادۆرۆیان دەستگیركرد چارەسەری سەرەتاییان بۆ كردوون.
بەرەبەیانی 3.1.2026 سەرۆكی ڤەنزوێلا و ژنەكەی، دوای هێرشێكی هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا بۆ سەر ڤەنزوێلا، لە وڵاتەكەی خۆیانەوە دەستگیركران، دواتر گواسترانەوە بۆ ئەمریكا و دادگایی یەكەمیشیان بەڕێوەچوو، بڕیارە لە 17.3یش دادگایی بكرێنەوە و تۆمەتی بازرگانی ماددەی هۆشبەر و چەكیان بەسەردا دراوە.
بەڵام شڕۆڤەكارانی سیاسی و ئاماژەكانیش ئەوە دەردەخەن، ئەمریكا دەیەوێت دەست بەسەر نەوتی ڤەنزوێلادا بگرێ، كە زۆرترین یەدەگی نەوتی لە دنیادا هەیە.