یەكەمی خولی ئەستێرەكانە
هەولێر بۆ بردنەوەیەكی دیكە رووی لە دهۆک كرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سبەی لە گەڕی 11ی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر لە یاریگەی دهۆک رووبەڕووی یانەی موسڵ دەبێتەوە.
شاندی یانەی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 7.1.2026 بەرەو شاری دهۆک بەڕێكەوتن و خۆیان بۆ یارییەكە ئامادەكردووە.
یارییەكە لە گەڕی 11ی خولی ئەستێرەكانی عێراقە، كە تا ئێستا یانەی هەولێر لە لە پلەی یەكەمی ریزبەندی خولەكەیە و 24 خاڵی هەیە.
تیپەكەی قەڵاومنارە ئەم وەرزە هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە و لە كۆی 10 یاریدا، 7 بردنەوە و 3 یەكسانبوونی هەیە، هەروەها 14 گۆڵیان هەیە و 6 گۆڵیان لێكراوە.
لە بەرامبەردا یانەی موسڵ لە پلەی 14یە و 12 خاڵی هەیە، كە ئەم وەرزە دوای دابڕانێكی زۆر گەڕایەوە ریزی خولی یەكەمی عێراق، كە ئێستا بە خولی ئەستێرەكان ناونراوە.
یانەی موسڵ بەهۆی نەبوونی یاریگەیەكی شیاو لە شارەكەیدا، یارییەكانی خۆی لە شاری دهۆک ئەنجامدەدات.
هاوكات شێرزود تێمیرۆڤی ئوزبەكی، هێرشبەری یانەی هەولێر، گۆڵكاری خولی عێراقە بە تۆماركردنی 9 گۆڵ.