زریپۆش و هێزەكانی حكومەتی سوریا لە ناو شاری حەلەب
شەڕ و پێكدادان هەیە
جارێكی دیكە گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب بۆردومان كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
جارێكی دیكە شەڕ لە گەڕەكە كوردییەكانی شاری حەلەبی سوریا دەستیپێكردەوە و هێزەكانی حكومەتی ئەلشەرع بۆردومانی سێ گەڕەكیان كرد.
بە گوێرەی ماڵپەڕی هاوار نیوز، شەوی رابردوو هەرسێ گەڕەكی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود و بەنی زەید بۆردومان كران و لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی كوژران و 17ی دیكەش بریندار بوون، كە ژن و منداڵیشیان تێدایە.
هاوكات سەرچاوەی دیكەی هەواڵ لە سوریا ئاماژە بەوە دەكەن، كە شەڕی توند لە نێوان هێزەكانی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات روویداوە و ئەوە دەخەنەڕوو، بە لای كەمەوە نۆ كەس كوژراون و بە دەیانی دیكەش بریندارن.
هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” هێزەكانی حكومەتی سوریا تۆمەتبار دەكەن بەوەی هێرشیان كردووە و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان “درۆن”یشیان بۆ چاودێریكردنی گەڕەكە كوردییەكان بەكارهێناوە.
ئەمە لە كاتێكدایە كۆبوونەوەی دوو رۆژ لەمەوبەری نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە و ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆكی كاتیی سوریا لە دیمەشق بەبێ ئەنجام كۆتایی هات.