لە 2024 بناغەی دانراوە

ئومێد خۆشناو: كارەكانی پڕۆژەی نەخۆشخانەی شێرپەنجە بە پێش وادەی خۆی كەوتووە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

کارکردن لە پڕۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە هەولێر بەردەوامە، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت كارەكان بەپێش وادەی خۆیان كەوتوون.

نەخۆشخانەكە لە 150 تەختی خەواندن و 100 تەختی چارەسەری كیمیایی پێكدێت و تاقیگەیەكی پێشكەوتوو لەخۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 6.1.2026 پارێزگاری هەولێر بە 964ی وت، “نەخۆشخانەكە سەرجەم ئامێرە پێشكەوتووەكانی چارەسەری نەخۆشییەكە لەخۆ دەگرێت و لەسەر رووبەری 30 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەكرێت و لە پێنج نهۆم پێكدێت، بەمەش دەبێتە گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە هەموو هەرێمی كوردستان و عێراقدا”.

وتیشی، كارەكانی پڕۆژەكە بە خێرایی دەڕۆن و دەتوانم بڵێم بەپێش وادەی خۆی كەوتووە، بە تەواوبوونی پڕۆژەكەش، پێشکەوتووترین تەكنەلۆجیای ئێم ئاڕ ئای، سیتی سكان، پێت سكان، چارەسەری تیشك، چاندنی مۆخی ئێسك، وێنەگرتنی گاما و چەندین تەكنەلۆجیای دیكە لە نەخۆشخانەكەدا بەردەست دەبن.

بەردی بناغەی نەخۆشخانەكە لە 18.9.2024 لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانییەوە دانراوە.

نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر لە پشووەکانیشدا چارەسەر دەدا...

نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر لە پشووەکانیشدا چارەسەر دەداتە نەخۆشانی شێرپەنجە