لە سێ مانگدا 18 خێزانی عەرەب کەمپی ئاشتییان جێهێشتووە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە ماوەی سێ مانگدا تەنیا 18 خێزانی ئاوارەی عەرەب کەمپی ئاشتییان لە سنووری پارێزگای سلێمانی جێهێشتووە، لەو ژمارەیەش 17 خێزانیان گەڕاونەتەوە پارێزگای سەڵاحەدین.
لە کەمپی ئاشتی لە عەربەت، هەزار و 754 خێزانی ئاوارەی عەرەبی تێدا نیشتەجێیە و هەروەها 120 خێزانی ئاوارەی ئێزدی نیشتەجێن، لەگەڵ هێرشی چەکدارانی داعش لەساڵی 2013 و 2014، لە هەرێمی کوردستان میوانداری کران.
خێزانەکانی نێو کەمپەکە، لەڕێگای رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان خزمەتگوزاری تەندروستی و خۆراکیان پێدەگات، ئەگەرچی بەپێی سۆراغی 964 تا رادەیەک خزمەتگوزارییەکان کەمبووەتەوە، ئیدارەی خۆجێی عەربەت و دەزگا ئەمنییەکان، ئاسایش و کارەبا و خزمەتگوزاری رۆژانە دابیندەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 7.3.2023، عامر عادل، بەڕێوەبەری کەمپی ئاشتی لە شارۆچکەی عەربەت بە 964ی وت “پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بەزۆرەملێ نییە و لەسەر خواستی خۆیانە، کاتێک بڕیاری گەڕانەوە دەدەن لەگەڵ دەزگا حکومی و ئەمنییەکان هەماهەنگییان بۆ دەکەین، پڕۆسەی گەڕانەوەکەش پەیوەستە بەو بڕیارەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە بۆ چۆڵکردنی کەمپەکان جێبەجێی دەکات”.
خزمەتگوزارییەکان لە کەمپی عەربەت تاڕادەیەک کەمبووەتەوە
عامر عادل دەشڵێت: تواناکانمان سنووردارە، بەو دۆخەشەوە ئیدارەی کەمپەکەمان داوە، بەڵام پێویستی رۆژانەی کەمپەکە لە سەرووی توانای خۆمانەوەیە.
ئیبراهیم مەحمود، هاوڵاتییەکی تەمەن 68 ساڵی پارێزگای سەڵاحەدینە بە 964ی وت “ماڵەکانمان رووخاون، گروپی چەکداری جۆراوجۆر لە ناوچوەکەماندا هەن، ئەمەش وایکردووە ناوچەکە گرەنتی نەبێت بۆ ژیان بچین لەکوێ بژین”.
ئاوارە ئێزدییەکانیش کە لە کەمپەکە دەژین، هەمان رایان بۆ ناوچەکانی خۆیان هەیە، کاتێک باس لە هێزی جیاواز و نائارامی و خانووە رووخاوەکان دەکەن، خواستی گەڕانەوەیان نییە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر