مۆلیدە لە كوردستان تایبەت بە +964
"مانگی 11 نیوەی ئەو نرخەبووە"
مانگی 12 لەکەلار پارەی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە 12 ھەزار دینار بووە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
کرێی مۆلیدە لە مانگی 12 بەراورد بە مانگەکانی دیکە لە قەزای کەلار بەرزبووەتەوە و بەجۆرێک بۆ دوو هێندە زیادی کردووە لەماوەی مانگێکدا.
لە مانگی 12 بۆھەر ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە 11 بۆ 12 ھەزار دینار دیاریکراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە لەمانگی 11 ھەر ئەمپێرێک 6 بۆ حەوت ھەزار دینار بووە.
خالد عەبدوڵا، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەھلیەکان لە قایمقامیەتی کەلار بە 964ـى وت، ”لەمانگی 12 کارەبای نیشتمانی کەمتر دراوە بە ھاوڵاتییان و مۆلیدەکان زیاتر ئیشیان کردووە، بۆیە نرخی ھەر ئەمپێرێک لەنێوان 11 بۆ 12 ھەزار دینارە، بەڵام مانگی 11 نزیکەی نیوەی ئەو نرخە بووە”.
“بەپێی کارکردنی مۆلیدەکان نرخ دیاری دەکەین، لەکۆتایی مانگەکان دەڕۆین سەیری مۆلیدەکان دەکەین بزانین چەند کاتژمێر کارەبایان داوە بە ھاوڵاتییان، ئەوکاتە نرخەکەشی دیاری دەکەین”، خالد عەبدوڵا وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، نرخەکان لە مۆلیدەیەک بۆ مۆلیدەیەکی دیکە نزیکی ھەزار دینارێک جیاوازی ھەیە، لەمانگی 12ی ساڵی رابردوو نزیکەی 270 کاتژمێر کارەبای مۆلیدە ھەبووە، بەڵام لەمانگی 11دا نزیکەی 160 کاتژمێر کارەبا ھەبووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر