موهەندیسی کفتەی سابونکەران
دەساوی سلێمانی لە هەولێر رەواجێکی باشی هەیە
عەبدولعەزیز خالند
لە فێستیڤاڵەکەی قەڵای هەولێر خاتوونێکی خەڵکی سلێمانی کفتەی سابونکەرانی هێناوە، هەرچی بەوێدا دەڕوات بۆنی کوبەو کفتەو شفتە رایدەکێشێت و مەراقیەتی تامی دەساوی سلێمانی بکات.
لەنیا ئەنوەر بۆ خۆی ئەندازیاری تەلارسازییە، بەڵام وازی لە پسپۆڕییەکەی خۆی هێناوەو شێفێکی باشی لێ دەرچووە، ئێستاش لە فێستیڤاڵەکەی بەردەم قەڵای هەولێر کۆشکێکی خنجیلەی داناوەو کفتەو کوبەو شفتەو باقی خواردنە کوردەوارییەکانی لێ دەفرۆشێتت.
لەنیا بەدەم خواردن دروستکردنەوە قسەی بۆ 964 کردو وتی خەڵک حەزیان لە کفتەی سابونکەرانەو دەستاوی سلێمانیان پێ خۆشە.
سابونکەران یەکێکە لە گەڕەکە دێرینەکانی شاری سلێمانی، جا زۆر بە کفتەکەی مەشهورە، کفتەیەکی گەورەو تام نایابەو خۆشخۆرەکان حەزیان لێیەتی، بەڵام خۆشی کفتەکە لەسەر دەساوی کەسەکە وەستاوە. (دەساو وشیەکی کوردەوارییەو مەبەست لێی خواردنی دەستی کەسێکە).
لەنیا دەڵێت خەڵک زۆر حەزیان بەو خواردنانە، بۆیە ئەوەی هێناویەتی رەواجێکی باشی هەیە.
فێستیڤاڵەکەی بەردەم قەڵا رۆژی 20ی مانگی دوانزەی رابردوو دەستی پێکردو هەتا دوو سبەی کە شەوی سێی یەکە بەردەوام دەبێت.