لە خۆپیشاندانەکانی ئێران
رێکخراوی هانا: هێزە ئەمنییەکان تەقەی راستەوخۆ دەکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
ناڕەزایەتی کاسبکار و خەڵکی خانەخوێی شارەکانی ئێران زۆرینەی ناوچەکانی گرتووەتەوە، لە نوێترینیان، ئەراک، خوڕەماوا، هەمەدان، لۆردەگان، ئەسفەهان و شاری فارس، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دەڵێ، هێزە ئەمنییەکان چەک بەکاردەهێنن و راستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن.
خۆپیشاندانەکان چوار رۆژ پێش لەناو جەرگەی تارانەوە سەریهەڵدا، دوای ئەوەی 100 دۆلار 14 ملیۆن تمەنی تێپەڕاند، زانکۆ و بازاڕی گەورەی پایتەخت دەنگیان هەڵبڕی و خوێندکاران و کاسبکاران پێکەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی.
خەڵک دژی گرانی و کەمتەرخەمی دەسەڵاتداران دروشم دەڵێنەوە، لە هەندێک شوێن گرژی و ئاڵۆزی دروستبووە، تا ئێستا چەند کەسێک برینداربوون و ژمارەیەکیش دەستگیرکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.1.2026، هادی رەسوڵزاداە، وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە 964ی وت، دیمەنی ڤیدیۆیی جیاواز هەن، لە توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان لە دژی ناڕازیان لە لۆردەگان بڵاو بووەتەوە، بەشێک لە ناڕازیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بارودۆخی شاری لۆردەگان و شارەکانی دیکە بە قەیراناوی و مەترسیدار هەڵدەسەنگێنێت، هێزە ئەمنییەکان لە دژی خۆپێشاندەران چەک بە کاردەهێنن، داوا لە سەرجەم هاونیشتمان دەکەین بۆ گەیاندنی زانیاری سات بە سات هاوکارمان بن.
رێکخراوەکە دەڵێ، ژمارەی برینداران دەیان کەسە وە کوژراوان بە روونی دیار نییە، خەڵکی ئێران کە لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش کراون و بە ئاشتیانە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، ملیۆنان کەس خەبات دەکەن بۆ مانەوە لە کاتێکدا رژێمێکی قاتڵ ملیاران دۆلار بۆ تیرۆر و تەماحە ئەتۆمییەکان خەرج دەکات.