سەهۆڵبەندانە

بەفری پێنجوێن؛ رێگای 50 گوند کرایەوە و سەیرانبەن 2 رۆژی تری دەوێت

964+

وریا فەتاح

تیمەکانی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی پێنجوێن لە شەونخونی بەردەوامدان بۆ پاککردنەوەی رێگاکانی سنوورەکە، تا ئێستا رێگای 50 گوند کراوەتەوە و کارکردن لە رێگای “سەیرانبەن” بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی پێنجوێن، پوختەی هەڵمەتەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، سەرەڕای سەختی ناوچەکە، تیمەکان ساتێک رانەوەستاون.

ئامار و زانیارییەکان:

5 تیمی جیاواز بەشدارن لە هەڵمەتەکەدا.
ئامێرەکانی (بلدۆزەر، گرێدەر و شۆفڵ) بەکارهێنراون.
رێگای نزیکەی 50 گوند لە سنوورەکە پاککراوەتەوە.
هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە دابینکردنی ئامێر هاوکاری تیمەکان بوون.
دۆخی رێگای سەیرانبەن:
بەهۆی سەختی هەڵکەوتەی جوگرافی و زۆری بەفرەکەوە، کارکردن لە رێگای سەیرانبەن بە چڕی بەردەوامە، پێشبینی دەکرێت 2 رۆژی تری بوێت تاوەکو بە تەواوی بۆ هاتووچۆ ئامادە دەبێت.

ئەم هەڵمەتە بە هەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامییەتی پێنجوێن، بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی و ناحیەی گەرمک ئەنجام دەدرێت و تیمەکان دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە تا کردنەوەی دواین رێگا لە مەیدان دەمێننەوە.