دیمەنی بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: رۆیتەرز
تیم ئامادە دەکرێ
لە پێنجەم راپۆرتی هەڵسەنگاندن پڕۆژەی مێترۆی بەغداد بڕیاری لەسەر دەدرێ
964+
ئەحمەد مستەفا
داوا لە ئەمیندارییەتی بەغدا کرا کە هەستێت بە ئامادەکردنی تیمێکی تەکنیکی پسپۆڕ بۆ پڕۆژەی میترۆی بەغدا و ئامادەکردنیان لە رووی کارگێڕی و تەکنیکی و پەرەپێدانی تواناکانیان، بۆ ئەوەی ببنە ناوەندێکی سەرەکی بۆ کارکردن لە پڕۆژەکە لە داهاتوودا.
تائێستا چوار راپۆرت لەبارە جێبەجێکردنی کارەکانی میترۆی بەغدا ئامادەکراوە، بەڵام دەرفەت دراوە بۆ راپۆرتی پێنجەم تا تەرخانە ئەندازیارییەکان و مادییەکانی بۆ یەکلابکرێتەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 31.12.2025 دەڵێت، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تایبەت بوو بە بەدواداچوونی پڕۆژەی میترۆی بەغدا، بە ئامادەبوونی ئەمینداری پارێزگای بەغدا و سەرۆکی سندوقی گەشەپێدانی عێراق و ژمارەیەک لە راوێژکاران.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، لە کۆبوونەوەکەدا، چوارەمین راپۆرتی تایبەت بە پڕۆژەکە خرایەڕوو کە لەلایەن سندوقی گەشەپێدانەوە بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکان و ئەو کۆمپانیایانەی پڕۆژەی میترۆیان لە تورکیا و چین جێبەجێ کردووە ئامادەکرابوو، هەروەها تاوتوێی پێشنیازەکانی تایبەت بە جانتای وەبەرهێنان و بڕگەکانی مەترسی و ئاستەنگە تەکنیکی و جێبەجێکارییەکان کرا.
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی ئەو پێشنیازانەی پێشتر پێشکەش کرابوون، و هەڵسەنگاندنەوەیەکی گشتگیر و وردیان بۆ کرایەوە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەمیندارییەتی بەغدا و سندوقی گەشەپێدان و فەرمانگە راوێژکارییەکان، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە ئەو پێشنیازانە مەرج و پێداویستییە تایبەتەکان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی لەم قەبارەیە پڕ ناکەنەوە.
سەرۆک وەزیران رێنمایی دا بە ئامادەکردنی کاغەزی کۆتایی سەبارەت بە پڕۆژەکە، و کارکردن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) یان بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا بۆ هەڵسەنگاندن و راسپاردنیان بە ئامادەکردنی جانتایەکی نوێی وەبەرهێنان بە هاوکاری دامەزراوە عێراقییە پەیوەندیدارەکان، تاوەکو بڕیاری گونجاوی لەسەر بدرێت.