خەسرەوخاڵ تا باخى گشتى
بۆ ئەمشەو؛ شەقامى سالم دادەخرێت
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
هەرچەندە بە فەرمى هیچ ئاهەنگێک سازناکرێت، بەڵام لیژنەى ئەمنى پارێزگاى سلێمانى بڕیاریدا شەقامى سالم لە پردى خەسرەوخاڵ تا بەردەم باخى گشتى و هۆتێل سلێمانى پاڵاس دابخات.
عەقید بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەرى هاتوچۆى ناوشارى سلێمانى بە 964ـى وت،”لە کاتژمێر 4ـى ئێوارەوە شەقامەکەمان لە پردى خەسرەو خاڵ تا بەردەم باخى گشتى بەربەست کردووە و هیچ ئۆتۆمبێلێک ناتوانێت بەکارى بهێنێت و هەموو ئەو کۆڵانانەشى دەکەونە سەر شەقامەکە بەربەست کراون.
وتیشى،”هەتا ئەو کاتەى پێویست بێت، شەقامەکە بە داخراوى دەمێنێتەوە، ئەوەش کارئاسانییە بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران کە دەیانەوێت شەوى سەرى ساڵ بێنە دەرەوە و لە شەقامەکە پیاسە بکەن”.
هەرچەندە بەهۆى کارەساتى لافاوەکەى چەمچەماڵ، ئیدارەى پارێزگاى سلێمانى بڕیاریدا کە بۆ سەرى ساڵى 2026، هیچ مەراسیم و ئاهەنگێک ساز ناکەن، بەڵام لەمشەودا، هاوڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن کۆببنەوە و لە شەقامەکە کۆتا شەوى ساڵى 2025 بەڕێ بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح