"لە دۆڵ و ئاوەڕۆکان نزیک مەبنەوە"
بەنداوی دوبز سەرڕێژبووە؛ چەندین ساڵە ئەو وەزعەی نەبینیوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
دوای چەندین ساڵ بەنداوی دوبز لە پارێزگای کەرکوک سەرڕێژبووە و داوایش لە هاوڵاتیانی ئەو سنوورە دەکرێت لە ئاوەڕۆکان نزیک نەبنەوە.
شانەی کارەسات و لافاوکان لە کەرکوک لەڕێی 964ـەوە داوا لە هاوڵاتیانی گوندەکانی سنووری قەزای دوبز و هەردوو ناحیەی پردێ و زاب دەکات، نزیکی دۆڵ و ئاوەڕۆکان نەبنەوە بۆ ئەوەی دووربن لە کارەسات و رووداوی نەخوازراو.
بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی لە شەوی رابردووەوە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتووەتەوە، بەنداوی دوبز سەرڕێژ بووە و ئاوی خاسە کە بە سەنتەری قەزاکەدا دەڕوات، قوڕاو بووە، ئەوەش لە چەند ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە و ئاستی ئاو لەو شوێنە بەم شێوەیەی ئێستا بەرزنەبووەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری