لە ناوچەی داودە
درۆنێکی نەناسراو چەند جارێک نزیکی سەنگەرەکانی پێشمەرگە بوەوە و تەقەی لێکراوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئەمشەو چەند جارێک، درۆنێکی نەناسراو نزیک سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی داودەی سنوری خورماتوو بوەوە، پێشمەرگەکان تەقەیان لێکردو لە سنوورەکە نەما بەڵام پێشمەرگە دەڵێت “غافڵ نابین و هەرکاتێک نزیک بێتەوە تەقەی لێدەکەین.
حەمە چەوری، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوری خورماتوو بە964ـی وت، لەئێوارەی ئەمڕۆوە چەند جارێک ئەم درۆنە نەناسراوە بەسەر ئاسمانی ناوچەی داودە و ناحیەی زینانە و نزیکی سەنگەرەکانی پێشمەرگە بوەتەوە و چەند جارێکیش بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە، هەرچەندە تەقەی لێکراوە بەڵام بەری نەکەوتووەو دورکەوتوەتەوە.
وتیشی “ئەگەرچی لەچەند رۆژی رابردوو لەلایەن فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەکانی سەڵاحەدینەوە درۆن بەئاڕاستەی ناوچەکە بۆ رێکاری ئەمنی هەڵدەدرا، بەڵام پێشوەختە هەماهەنگیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا دەکردو ئاگادار دەکراینەوە”.
ئاماژە بەوەدەکات، ئەم درۆنە نەناسراوە و نازانرێت بۆ چ مەبەستێک لە نزیک ئەوان سوڕاوەتەوە و ناشزانن سەر بەچی لایەنێکە، دەشڵێت “لێکوڵینەوەمان دەستپێکردووەو بەپێی زانیاریەکانمان ئاڕاستەی درۆنەکە لەسنوری خورماتووە هاتووە”.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن