"سەرم سوڕا"
لە بەرزی 14 نهۆمەوە کرێکاری دەکات، مەترسیدارە و توانا و تەرکیزی دەوێت
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لێرەدا مەترسی هەڵبژاردن نییە بەڵکو بۆ پەیداکردنی عانەیەکە، لە بەرزییەکانەوە لەگەڵ هەورەکان کاردەکەن و یەکێک لە کرێکارەکانیش دەڵێت، لەوەتەی ئەم کارە دەکەم ترسم لە قەلبم نەمایە.
رۆژێکی نوێیە و ئەحمەد شەمزینی پەیامنێر لەگەڵ سەرمای زستان و تەم و باران خۆی گۆڕیوە و جلی گەرمی لەبەرکردووە تا لە بەرزی 14 نهۆمەوە لەگەڵ کرێکارانی ئاسنگەر و شیش و بیناسازی کاربکات و بزانێت دەرد و مەینەتییەکانی ئەوان چییە، لەگەڵ یەکەم هەنگاو هەست بە سەرما دەکات و دەڵێت، زۆر بەرزە و سەرەتا سەرم سوڕا ودواتر راهاتم.
وەستا جەنگاوەر كاكەزیاد وەستایەكی بە ئەزموونی ئاسنگەریە و دەمەتەقێ لەگەڵ ئەحمەد دەکات و دەڵێت، ئەگەر فۆبیات بە بەرزی هەیە نابێت ئەو كارە بكەیت، چونكە لە ئاسمانە كارەكەمان، بەڵام من ترس لە قەلبم نیە هیچكات كارەكەمان هاوین و زستان هەر ناخۆش و ناڕەحەتە.
لەدوای بەردەستی و بەستنی شیش ئەحمەد لەگەل كرێكارەكانی تر نان دەخوات پارەی كاركردنەكە وەردەگرێت، کە سەرەڕای ئەو هەموو مەترسیە تەنیا 12هەزارە، لەم پرۆژەیەدا كە ناوی ڤان تاوەرە هەموو كرێكار و ئەندازیار و سەرپەرشتیارەكان بەیەكەوە نان دەخۆن.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح