ئەمڕۆ رۆژی یەكەمی جەژنی كریسمسە
“خوای گەورە بە جیاواز دروستی كردووین و پێویستە ئەو جیاوازییە قبوڵ بكەین”
964+
دیلان محەمەدجەزا
كریستیانەكانی سلێمانی ئەمڕۆ یەكەم رۆژی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی عیسا بەڕێدەكەن و كاتێكی خۆش بەسەر دەبەن، یەكێك لەو خانەوادانەش قەل و برنج و فاسوڵیایان لێناوە.
پەیامنێری 964 سەردانی یەكێك لەو ماڵانەی سلێمانی كردووە، كە بە ئارامی جەژن دەكەن و خواردنیان ئامادەكردووە.
نەجلە قوترە، هاوڵاتییەكی كریستیانە و دەڵێت، تا سەری ساڵ هەموو رۆژێك لای ئەوان جەژنە، هەرچەندە جەژنی میلادی مەسیح دوو رۆژە.
مەریەم ئەكرەم كچی نەجلە خانە و بۆ 964 دەڵێت، هەموومان وەك خوشك و براین و هاوڕێیەكانی پیرۆزبایی لێدەكەن.
لە بارەی پێكەوەژیانیش لە كوردستان، دەلێت، “خوای گەورە بە جیاواز دروستی كردووین و پێویستە ئەو جیاوازییە قبوڵ بكەین، لە كۆتاییدا هەموومان یەك خوا دەپەرستین و خوشك و برای یەكترین”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا