عێراق رێگەی راستەوخۆی دەریایی لەگەڵ ئیمارات دەکاتەوە
ترانزێت خێراتر دەكات
عێراق رێگەی راستەوخۆی دەریایی لەگەڵ ئیمارات دەکاتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
كۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق رایگەیاند، هێڵێكی دەریایی راستەوخۆیان لەگەڵ ئیمارات كردەوە و بەندەری ئوم قەسڕ بە بەندەری رەشید لە ئیمارات دەبەستێتەوە، ئیتر پێدەچێت ئەم هێڵە نوێیە جووڵەی بازرگانی و گواستنەوە ئاسانتر بكات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25.12.2025 ، كۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق رایگەیاند، هێڵێكی نوێی دەریاییان لەگەڵ ئیمارات بەگەڕخست، کە بەندەری ئوم قەسر بە بەندەری رەشید لە ئیمارات دەبەستێتەوە، لەگەڵ گەیشتنی یەکەم باری كۆنتێنەر بە سیستمی (رۆ -رۆ).
کۆمپانیاکە لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، هێڵە نوێیەكە بۆ بەرزکردنەوەی بازرگانی دەریایی و کەمکردنەوەی کاتی ترانزێت و فراوانکردنی بژارەی گواستنەوەی راستەوخۆی کاڵایە لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێیدا.
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری تەکنیکیی كۆمپانیای بەندەرەكانی عێراق عەبدولسادە خەڵەف دەڵێت، هێڵە نوێیەکە بە کاتی ترانزێت لە 36 کاتژمێر زیاتر کاردەکات و توانای وەرگرتنی تا 145 بارهەڵگری تڕێلەی هەیە لە هەر گەشتێکدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، هێڵە نوێیە ئاوییەكە، نەک هەر خزمەت بە بازاڕی عێراق دەکات، بەڵکو رێڕەوێکی لۆجستیش دەکاتەوە کە عێراق بە وڵاتانی دراوسێوە دەبەستێتەوە، لەوانە ئوردن و سوریا و تورکیا لە رێگەی تۆڕەکانی گواستنەوەی زەمینی کە هەن، بەمەش پێگەی عێراق وەک ناوەندێکی ترانزێتی ناوچەیی بەهێزتر دەکات.
سیستمی رۆ – رۆ چییە؟
سیستەمی رۆ-رۆ کە کورتکراوەی “رۆڵ ئۆن” و “رۆڵ ئۆف”ە، شێوازێکە بۆ گواستنەوەی کاڵا لە نێوان وڵاتان لە رێگەی دەریاییەوە کە لە بەهۆیەوە بەرهەمەکان بە بارهەڵگرەکان هەناردە دەکرێن کە لە رێگەی کەشتییەکانەوە دەگوازرێنەوە و پێیان دەوترێت “کەشتی رۆڵ ئۆف”.