پارچەی تێكشكاوی فڕۆكەكەی سەرۆكی ئەركانی سوپای لیبیا
ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی لیبیا دەگاتە ئەنقەرە
سەرۆكایەتیی توركیا: فڕۆكەكەی ئەلحەداد بەهۆی كێشەی كارەباییەوە كەوتووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتیی توركیا رایگەیاند، دوانامەی لە فڕۆكەكەی سەرۆك ئەركانی سوپای لیبیا پێش كەوتنی ئاشكرا دەكات و دەڵێت، كەوتنی فڕۆكەكە بەهۆی كێشەی تەكنیكی لە كارەبای فڕۆكەكە بووە.
بورهانەدین دۆران لە تۆڕێ ئێكس بڵاویكردەوە، فڕۆكەكە بنكەی چاودێریی جووڵەی ئاسمانی ئاگاداركردووەتەوە لە بارێكی لەناكاو لە ناو فڕۆكەكە بەهۆی كێشەی كارەبا، بۆیە داوای نیشتنەوەی ناچاری كردووە.
لای خۆیەوە وەزیری دادی توركیا یەڵماز تەنج بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی دووپاتیكردەوە، داواكاری گشتی لە ئەنقەرە لە بارەی كەوتنی فڕۆكەكەی محەمەد عەلی ئەلحەداد لێكۆڵینەوەی دەستپیێكردووە.
سەرچاوەی دیكەش لە توركیا دووپاتی ئەوە دەكەنەوە، فڕۆكەكە كێشەی تەكنیكی لە كارەباكەی دروست بووە و داوای نیشتنەوەی ناچاری كردووە و بڕیار بووە بگەڕێتەوە فڕۆكەخانەی ئیسنبۆگا لە ئەنقەرە، بەڵام لە گەڕانەوەی پەیوەندییەكەی پچڕاوە و دواتر كەوتووە.
لای خۆیانەوە حكومەتی لیبیا لیژنەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە و ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری بەرگریی لیبیا بڕیارە بگاتە ئەنقەرە، بۆ ئەوەی بەدواداچوون لە بارەی رووداوەكە بكەن.
میدیای توركیا ڤیدیۆ و فۆتۆیان لە بارەی كەوتنی فڕۆكەكە و هەروەها پارچە شكاوەكانی فڕۆكەكەش لە ئەنقەرە بڵاوكردەوە.
دوێنێ شەو فڕۆكەكەی محەمەد عەلی ئەلحەداد، سەرۆك ئەركانی سوپای لیبیا، لە نزیك ئەنقەرەی پایتەختی توركیا كەوتە خوارەوە، چوار كەسی دیكەشی لەگەڵ بوو، ئەوانیش راوێژكار محەمەد عەساوی، لیوا ڤیتۆری گریبیل، لیوا محەمەد جومعە، لەگەڵ محەمەد مەحجوب، كە وێنەگر بوو لە تیمی راگەیاندنی سەرۆكی ئەركان و سەرجەمیان گیانیان لەدەست دا.
فڕۆكەكە لە ئەنقەرەوە دەگەڕایەوە تەڕابلوسی لیبیا، دوای ئەوەی شاندەكە دوێنێ كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری بەرگریی توركیا هەبوو، لە بارەی هاوكاریی سەربازی گفتوگۆیان كردبوو.