فڕۆكەكەی لە توركیا كەوتە خوارەوە

محەمەد عەلی ئەلحەداد كێیە؟

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

محەمەد عەلی ئەلحەداد كە پلەی فەریقی روكنی هەیە، سەرۆكی ئەركانی سوپای لیبیایە لە حكومەتەكەی سەرۆك وەزیران عەبدولحەمید دبەیبە.

ئەمڕۆ ئێوارە فڕۆكەكەی ئەلحەداد لە نزیك ئەنقەرەی پایتەختی توركیا كەوتە خوارەوە، چوار كەسی دیكەش لەگەڵ سەرۆك ئەركان بوون، ئەوانیش راوێژكار محەمەد عەساوی، لیوا ڤیتۆری گریبیل، لیوا محەمەد جومعە، لەگەڵ محەمەد مەحجوب، كە وێنەگر بوو لە تیمی راگەیاندنی سەرۆكی ئەركان.

فڕۆكەكە لە ئەنقەرەوە دەگەڕایەوە تەڕابلوسی لیبیا، دوای ئەوەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری بەرگریی توركیا هەبوو، لە بارەی هاوكاریی سەربازی گفتوگۆیان كردبوو.

محەمەد عەلی ئەلحەداد، لە 2021ـەوە سەرۆكی ئەركانی سوپای لیبیایە، رۆڵی لە یەكخستنەوەی دامەزراوە سەربازییەكان هەبوو، یەكێك لە دیارترین كەسایەتییە سەربازییەكانی لیبیایە، پەیوەندییەكی بەهێزیشی لەگەڵ توركیادا هەیە.

جگە لەوە لە 2023 رێككەوتنی لەگەڵ ئیتالیا كردووە و ئیتالیا هێزەكانی لیبیا مەشق پێدەكات.

شارەزایانی كاروباری لیبیا پێیان وایە، گیانلەدەستدانی ئەلحەداد لە كاتێكی خراپدا بوو، چونكە هەوڵی دەدا لیبیا لە دابەشبوون و ناسەقامگیری رزگار بكات، بەڵێنیشی دابوو هێزێكی یەكگرتوو بۆ لیبیا دروست بكات.

سەرۆكی حكومەتی لیبیا: سەرۆكی ئەركانی سوپا گیانی لەدەست...

سەرۆكی حكومەتی لیبیا: سەرۆكی ئەركانی سوپا گیانی لەدەستداوە