نابینا بوو كاری زێڕەنگەریی دەكرد

كەسایەتییەكی دیاری كەركوک كۆچی دوایی كرد

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

ئەمڕۆ دووشەمە 22.12.2025 مەلامحەمەد عەبدوڵا شۆراوەیی، یەکێک لە کەسایەتیە دێرینەکانی گەڕەکی رەحیماوەی كەركوك کۆچی دوایی کرد، ئەو نابینا بوو، بەڵام كاری زێڕەنگەریی دەكرد.

مەلامحەمەد لە ساڵی 1939 لە گوندی شۆراوی کەرکوک لە دایکبووە، بەهۆی ئەوەی نابینا بوو، لە قوتابخانە نەیخوێندووە، بەڵام کەسێکی زیرەک و لێهاتوو بووە،  بە هەوڵی خۆی و لە تەمەنی 13 ساڵیدا توانیویەتی بۆ یەکەمین جار قورئان خەتم بکات.

مەلا محەمەد لە هەریەک لە مزگەوتەکانی عەلی بەگ، رەحیماوە وعەلی بن ئەبی تاڵیب خزمەتی کردووە تاکو ئەو کاتەی خانەنشین دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەر دوو هەفتە جارێک قورئانی خەتم دەکرد و شارەزای تەواوی هەبوو لە وەرگێڕانی قورئان بۆ زمانی کوردی.

مەلا محەمەد بە مەبەستی پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی لە ساڵی 1965وە دەستی کردووە بە کاری زێڕەنگەر، كە بە شێوەی گەڕۆک كاری كردووە، بە تایبەتی لە گەڕەکەکانی شاترلو، تەپە، ئەڵماس، رەحیماوە و حەمام عەلی بەگ و قۆریە، تاوەکو ناوەڕاستی ساڵانی نەوەتەکان سەدەی رابردوو هەر بەردەوام بوو .
مەلا محەمەد وەك كەسانی نزیكی لێی دەگێڕنەوە، کەسێکی دەستپاک و دڵساف بوو.
بەهۆی کارەکەشییەوە جیا لە زمانی کوردی، زمانەكانی عەرەبی و تورکمانی زۆر بە باشی زانیوە.
ئیدریس، كە كوڕی مەلامحەمەدە، بە 964ی راگەیاند، باوكی ماوەی چەند ساڵێکە بەهۆی هەڵکشانی تەمەنییەوە نەیتوانیوە هاتوچۆ بکات و زیاتر لە ماڵەوە بووە، تەنیا بۆ نوێژكردن دەچووە دەرەوە.

وتیشی، چەند رۆژێک لەمەوبەر باوكی جەڵتەی مێشک لێی دا و بێهۆش بوو، تا ئەمڕۆ دووشەممە گیانی سپارد و گەڕایەوە لای پەروەردگار.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

مامۆستا کوردەکەی کەرکوک خەڵات کرا

مامۆستا کوردەکەی کەرکوک خەڵات کرا