لە نەخۆشییەوە بۆ خۆشیى
نیوەی رۆژەکانی تەمەنمان بوون بە “رۆژی جیهانی”
964+
وریا فەتاح
بەپێی لیستە فەرمییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رۆژە جیهانییەکان، ساڵ لە کێبڕکێیەکی تونددایە لە نێوان ئەو رۆژانەی یادکردنەوەیان تێدایە و ئەو رۆژانەی کە “بێ بۆنەن”.
بەپێی ئامارەکان، ساڵێک کە لە 365 رۆژ پێکدێت، بە تەواوی بووە بە دوو بەشەوە؛ 185 رۆژیان بۆنەیەکی جیهانی یان یادکردنەوەیەکی تایبەتی تێدایە، لە بەرامبەردا تەنیا 180 رۆژ وەک رۆژی “بێ موناسەبات” ماونەتەوە.
ئەمەش واتە نیوەی تەمەنی مرۆڤ لە ساڵێکدا، سەرقاڵە بە یادکردنەوەی بابەتە مرۆیی، ژینگەیی و تەندروستییەکان.
قەرەباڵغترین ساتەکانی ساڵ
لە ناو ئەم لیستە درێژەدا، هەندێک وێستگە هەن کە لە جەنجاڵیدا شوێنی چۆڵیان تێدا نەماوە:
21ی ئازار (March): ئەمە قەرەباڵغترین رۆژی ساڵە، تەنیا لەم بیست و چوار کاتژمێرەدا جیهان 5 بۆنەی گەورە پێکەوە یاد دەکاتەوە، کە ئەوانیش (نەورۆز، رۆژی جیهانیی شیعر، دارستانەکان، داون سیندرۆم، و رۆژی نەهێشتنی جیاکاری رەگەزی)ن.
مانگی حوزەیران (June): نازناوی “مانگی بۆنەکان”ی لێدەنرێت. لە کۆی 30 رۆژ، 26 رۆژیان بۆنەی تێدایە و تەنیا 4 رۆژت هەیە کە هەناسەیەکی تێدا بدەیت و هیچ یادکردنەوەیەکی جیهانی تێدا نەبێت.
کەمترین و زۆرترین
لە کاتێکدا حوزەیران لووتکەی قەرەباڵغییە، مانگی کانوونی دووەم بە هێمنترین مانگی ساڵ دادەنرێت و تەنیا پێنج رۆژی تێدا دیاریکراوە بۆ بۆنە جیهانییەکان.
هەفتە جیهانییەکان؛ بۆشاییەکان پڕ دەکەنەوە
ئەم دابەشکارییە لێرەدا ناوەستێت، چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین “هەفتەی جیهانی”شی هەیە، وەک هەفتەی ئاو یان هەفتەی بەرگری دژی میکرۆبەکان، ئەگەر ئەم هەفتانەش بخەینە سەر ژمارەی رۆژەکان، ئەوا ئەو 180 رۆژەی کە وەک “بێ بۆنە” ناومان بردن، زۆر زیاتر کەم دەبنەوە و ساڵەکە بە تەواوی دەبێتە ماراسۆنێکی بێ کۆتایی لە یادکردنەوە و چالاکی.