وتەبێژی کۆشکی کۆماری میسر؛

سەرۆكی میسر لە کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم “پشتیوانی یەکپارچەیی عێراقی دەکەین”

964+

فەرهاد حەسەن

سەرۆک کۆماری میسر لە میانەی كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ مەسرور بازرانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ستایشی هەوڵەکانی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی کردووە کە ئامانجیان چەسپاندنی سەقامگیری و ئاشتییە لە ناوچەکەدا و پشتیوانی تەواوی خۆیشی بۆ یەکپارچەیی عێراق و سەلامەتی خاکەکەی، دووپاتکردووەتەوە.

محەمەد ئەلشناوی، وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری میسر لە راگەیەندراوێكدا کە ماڵپەری سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی لە کۆبونەوەکەدا جەختی لە “پشتیوانی تەواو و بەردەوامی میسر بۆ عێراق، و بۆ یەکپارچەیی و سەلامەتی خاکەکەی، و پشتیوانیکردنی لە رووبەڕوبونەوەی ئەو ئالەنگارییە زۆرانەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی تیرۆر” کردەوە.

بەپێی راگەیاندراوەکە، لە گفتوگۆکاندا باسیان لە پەیوەندییەکانی هاوکاری ئابوری نێوان میسر و عێراق کردوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. سیسی جەختی لە “پەرۆشی میسر بۆ قوڵکردنەوەی هاوکاری ئابوری بە هەموو شێوەکانییەوە لە نێوان هەردوولادا کردەوە و لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە توانا گەورەکانی کۆمپانیا میسرییەکان کرد، بەتایبەتی لە بوارەکانی وزە و ژێرخان و ئەو ئەزمونانەی کە لە ناوەوە و دەرەوەی میسر هەیانە.

سیسی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە سود لە توانای ئەو کۆمپانیایانە وەربگرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە کوالێتی بەرز و تێچوی کێبڕکێکارانە، لەبەرامبەریشدا مەسرور بارزانی پێشوازی لە رۆڵی کۆمپانیا میسرییەکان لە عێراق کردووە و جەختی کردەوە کە لە کاتی سەردانەکەیدا چاوەڕوانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی میسر کار بکات بۆ تاوتوێکردنی ڕێگەکانی بەهێزکردنی هاوکاری و سوود وەرگرتن لە ئەزمونەکانی میسر لە ژمارەیەک کەرتی لە پێشینە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بارزانی، پێزانینی حکومەتی هەرێمی بۆ رۆڵی میسر و سەرۆک سیسی لە “پشتیوانیکردنی عێراق و گێڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە” دەربڕیوە و  و جەختیشی کردووەتەوە کە “حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە بەردەوام بێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەکانی میسردا”.

ئێوارەی دوێنێ شه‌ممه‌ مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر و لەلایەن ئەحمەد فوئاد هنو، وەزیری رۆشنبیریی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی میسری پێشوازی لێکرا، ئەمڕۆش لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە جەخت لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا کرایه‌وه‌.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم گەیشتە وڵاتی میسر

سەرۆکی حکومەتی هەرێم گەیشتە وڵاتی میسر

سەندیکای کرێکارانی میسر پشتگیری له‌ کرێکارانی ده‌ركر...

سەندیکای کرێکارانی میسر پشتگیری له‌ کرێکارانی ده‌ركراوى کارگەی ئاوی سلێمانی ده‌كه‌ن