باوكی نیپێل: كچەكەم هیچ گرنگییەکی پێنەدرا

كچە ئایكۆنەكەی هاندەرانی زاخۆ گلەیی هەیە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

دوای ئەوەی یانەی زاخۆ خەڵاتی فیفای بۆ باشترین هاندەر لە ئاستی جیهان بەدەستهێنا، ئێستا ئەو كچە ناسكۆكەی ببووە ئایكۆنی جەماوەری زاخۆ و وێنەی لەسەر سایتی فیفا دانرابوو، گلەیی هەیە و كەسوكارەكەی دڵگرانن.

نیپێل بارزان، ئەو كچە هاندەرەی زاخۆیە، كە وێنەكەی ئایكۆنی جەماوەری یانەكەی بوو لە پێشبڕكێی بردنەوەی خەڵاتەكە و بەردەوامیش بوو لە هاندانی تیپەكەی و ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لە میدیاكان و دەركەوتن بە جلی یانەكەی.

بەڵام ئەمڕۆ شەممە 20.12.2025 بارزان بەرواری، باوکی نیپێل بە 964 وت، بەڕاستی تووشی شۆک بووین، چۆن دەكرێت ئایکۆنی یانەی زاخۆ بانگ نەکرێت بۆ وەرگرتنی خەڵات، لەم بابەتەدا کارگێریی یانەی زاخۆ و لایەنە ئیدارییەکانیش زۆر کەمتەرخەم بوون، کچەکەم تووشی شۆک بووە و دوای بردنەوەی خەڵاتەكە هیچ گرنگییان پێنەدا.

دەشڵێت، “ئێمە سواڵکەر نین و هیچمان ناوێت، ئەوەی گرنگە نیپێل ئایکۆن بوو، بەڵام بەشێوەی پێویست سەرەدەری لەگەڵ نەکرا.

باییز عەبدوڵرەحمان، هاندەرێکی یانەی زاخۆیە و بە 964 وت، راستە کچەکە تەنیا وەک ئایکۆن بەکارهاتووە و بابەتە راستەقینەکە هاندەرانن، پێویست  بوو لە سەرەتادا خێزانی کچەکەیان ئاگاداربكردایە، لەوەی ئەو تەنیا ئایکۆنە نەک ناوەڕۆکی بابەتەکە، بەڵام دەتوانن کچەکە خەڵات بکەن و قەرەبوویەکی مەعنەوی و ماددی پێ بدرێت.

سەرچاوەیەکیش لە کارگێریی یانەی زاخۆش بە 964ی راگەیاند، ئامادەنین لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەن و ئێستا یارییەکی گرنگیان هەیە لە ئیمارات بەرامبەر یانەی عەین و سەرقاڵی ئامادەكارین.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا