میدیاكارانی وه‌رزشی له‌ سلێمانی خۆیان به‌ره‌و پێش ده‌به‌ن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

دوو خولی پێشخستنی كاری په‌یامنێری وه‌رزشی و كۆمێنتاری یارییه‌كان له‌ سلێمانی كرا، بڕیاریشه‌ له‌ شاره‌كانی دیكه‌ش بێنه‌ ئه‌نجامدان.

رێكخراوی ئاریا بۆ په‌ره‌پێدانی میدیای وه‌رزشی، دوو خولی په‌ره‌پێدانی ئاستی رۆژنامه‌وان و میدیاكارانی وه‌رزشی له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌ برد، كه‌ 55 كه‌س تێیدا به‌شداربوون.

میدیاكارانی شاره‌كانی كوردستان له‌ خوله‌كه‌دا به‌شداربوون، كه‌ وانه‌كانی خولی په‌یامنێری وه‌رزشی له‌ لایه‌ن په‌یامنێری وه‌رزشی پێشووی كه‌ناڵی ئه‌لحوڕه‌ عه‌ممار ساتع پێشكه‌شكران، هه‌روه‌ها وانه‌كانی كۆمێناری وه‌رزشی “ته‌علیق” له‌ لایه‌ن بێژه‌ری ناسراوی عێراقی له‌ كه‌ناڵه‌كانی بی ئین سپۆرتس عه‌لی له‌فته‌ پێشكه‌شكران.

ئاراس رواندزی سكرتێری رێكخراوی ئاریا به‌ تۆڕی 964ی راگه‌یاند، خوله‌كه‌ له‌ رۆژانی 2 تا 5ی ئه‌م مانگه‌ له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ ئاستی پیشه‌ی رۆژنامه‌وانی و میدیاكاری وه‌رزشی به‌ره‌وپێش ببه‌ین، ئامانجیشمان ئه‌وه‌یه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر، دهۆك و كه‌ركوك و شار و شارۆچكه‌كانی دیكه‌ خولی دیكه‌ی بكه‌ینه‌وه‌ و پلانیشمان هه‌یه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌نجامیان بده‌ین”.

“له‌ دوای مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز، خولێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پێشخستنی رۆژنامه‌وانانی وه‌رزشی له‌ هه‌ولێر ساز ده‌كه‌ین” ئاراس رواندزی وای وت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بۆ ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان و دابینكردنی پشتیوانیی دارایی، لایه‌نی حكومی و ناحكومی به‌پێی ئه‌نجامدانی خول و پرۆژه‌كانیان هاوكارییان ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ پاڵپشتییه‌كی راسته‌وخۆیان له‌ هیچ لایه‌نێكه‌وه‌ نییه‌.

رێكخراوی ئاریا، سه‌ر به‌ فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانه‌ و له‌ ساڵی 2003 دامه‌زراوه‌.