دەزگای ئاسایش روونکردنەوەی هەیە
تۆمەتباری شکانی گۆڕەکانی شەقڵاوە، شکێنەری گۆڕەکانی هەرمۆتەش بووە
964+
ئەحمەد مستەفا
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵگە ڤیدیۆیی تۆمەتباری شکاندن و شێواندنی گۆڕی کریستیانەکانی کۆیە بڵاوکردەوە و دەڵێ، دەرکەوت تۆمەتباری ناوبراو هەمان ئەو کەسەیە کە گۆڕی کریستیانەکانی شەقڵاوەی شێواندووە و شکاندووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر سەربە دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێ، بەهەماهەنگی یاریدەدەرێتی ئاسایشی کۆیە و بەشی ئۆپراسیۆنی کۆیە، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بەدواداچوونیان ئەنجامدا لەسەر رووداوی شکاندن و شێواندنی گۆڕی کریستیانەکانی کۆیە.
دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان دەرکەوت لەڕۆژی 2.12.2025، تۆمەتبار “ح، س. م” لەبازگەی تۆبزاواوە بەماتۆرسکیل هاتووەتە قەزای کۆیە و لەکامێراکانی چاودێرییەوە تۆمەتبار دەرکەوتووە و پرسیاری شوێنی گۆڕستانی کریستیانەکان دەکات،
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەرکەوت تۆمەتباری ناوبراو هەمان ئەو کەسەیە کە گۆڕی کریستیانەکانی شەقڵاوەی شێواندووە و شکاندووە.
پێش نیوەڕۆی رۆژی 4.12.2025 کاتێک چەند ژنە کریستیانێک بۆ دڵنەوایی سەردانی گۆڕستانەکەیان دەکەن، بەڵام دڵنەواییان دەبێتە خەمێکی قوڵ، کاتێک دەبینن نزیکەی 15 گۆڕ شێوێنراون، هەر لەوکاتەشەوە تا ئێوارە پۆل پۆل کریستیانەکان سەردانی گۆڕستانەکە دەکەن و بەدیار گۆڕە شێوێنراوەکانەوە ئەسەف هەڵدەکێشن.