لە سلێمانی پولێکی دۆمینە لە گەدەی مێردمنداڵێک دەرهێنرایەوە – وێنە؛ تەندروستی سلێمانی
چوار و یەکە
لە سلێمانی پولێکی دۆمینە لە گەدەی مێردمنداڵێک دەرهێنرایەوە
964+
شۆڕش قادری
لە سلێمانی پولێکی دۆمینە لە گەدەی مێردمنداڵێک دەرهێنرایەوە، پولەکە چوار و یەکە و دیاریش نییە چۆن و بۆچی قوتیداوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 17.12.2025 لە نەخۆشخانەی کۆئەندامی هەرس و جگەری فێرکاری لە شاری سلێمانی تیمێکی پێشکەوتووی هەناوبینی کە پێکهاتبوون لە پزیشکانی پسپۆڕی هەناوبینی و پزیشکی بێهۆشکاری پەرستارانی تایبەتمەندی هەناوبینی و یاریدەدەرانی بێهۆشکار، دوای هەوڵێکی زانستی چڕ، توانیویانە پولێکی دۆمینە کە لەلایەن مێرمنداڵەکەوە قوتدرابوو و لە گەدەیدا وەستابوو، دەربهێننەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە بەگشتی دەرهێنانەوەی تەنی نامۆ لە گەدە کارێکی زۆر دژوار نییە، بەڵام بەهۆی قەبارە و شێوە و پێکهاتەی پولی دۆمینەکە، ئەو کارە ئاسان نەبوو، بۆیە چەندین ئامێری تایبەت لەلایەن تیمەکەوە بەکارهێندراوە تا توانیویانە بەسەرکەوتوویی پولەکە دەربهێننەوە.
بەپێی ئەو وێنانەی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردوونەتەوە، پۆلەکە چوار و یەکە بەڵام، هیچ ئاماژەیەکی بە هۆکاری و چۆنیەتی قوتدانی ئەو پۆلە دۆمینەی لەلایەن منداڵەکەوە نەکردووە.