كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق 16.12.2025
پیرۆزباییان لە یانەی زاخۆ كرد
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری کەمکردنەوەی خەرجی و موچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی پەسند کرد
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دا و وێڕای پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی زاخۆ بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لە جیهان، چەند بڕیارێكی دەركرد.
ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیاندراوێكدا ئەمڕۆ سێشەممە 16.12.2025 رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەنجومەنەكە بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی بەڕێوەچوو.
وەك ئاماژەی پێكراوە، ئەنجومەن راسپاردەكانی ئەنجومەنی وزاری ئابووری پەسند كرد بە كەمكردنەوەی موچە و خەرجییەكانی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە “سەرۆكایەتی كۆمار، پەرلەمان و وەزیران”، هەروەها زیادكردنی داهات بە شێوەی جۆراوجۆر.
ئەنجومەنەكە لە بارەی ژمارە 4848ی رۆژنامەی وەقایعی عێراق و دانانی حزبوڵای لوبنانی و ئەنساڕوڵای یەمەنی لە لیستی تیرۆر و بلۆككردنی پارەكانیان، دوای لێكۆڵینەوە بڕیاری دا بە دەركردنی چەند كەسێكی بەرپرس لەو بڵاوكراوەیە و سزادانیان.
هاوكات ئەنجومەنەكە چەندین بڕیاری دیكەی دا سەبارەت بە پرۆژە و گەشەپێدان و پێشخستنی وزەی نوێ، هەروەها مەشقپێكردنی ژنان لە بواری ئەمنی و چەند بابەتێكی دیكە، بەڵام سەبارەت بە هەرێمی كوردستان هیچ راسپاردە و بڕیارێكی نەبوو.